حکومەتی هەرێم وردەکاری داهات و خەرجییەکانی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2022 بڵاودەکاتەوە

04:15 - 06/07/2022

3532جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی دارایی تایبەت بە داهات، خەرجی و کورتهێنانی بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2022 بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکەش لەو ماوەیەدا داهاتی گشتی پێنج ترلیۆن و 640 ملیار دینار و خەرجییەکانیش پێنج ترلیۆن و 777 ملیار دینار بوە، هەروەها کورتهێنان 137 ملیار دینار بوە.

ئەم داهاتە پێش گەیشتی بە ئەژمێری وەزارەتمان، سەرجەم خەرجییەکانی لێ دەردەكرێت

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لەم ڕاپۆرتەدا داهاتی ئاماژە پێكراوی فرۆشتنی نەوت بریتییه‌ لە پوختەی ئەو داهاتەی كە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەت، ئەم داهاتە پێش گەیشتی بە ئەژمێری وەزارەت خەرجییەكانی دەرهێنان و پشكی كۆمپانیا و گواستنەوە و سەرجەم خەرجیەكانی دیكەی فرۆشتنی نەوتی لێ دەردەكرێت.

بەشێك لە داهاتی فرۆشتنی كارەبا راستەخۆ بۆ قەرزی كارەبا خەرجكراوە

ئەوەش هاتوە، بە هەمان شێوە بەشێك لە داهاتی فرۆشتنی كارەبا راستەخۆ بۆ قەرزی كارەبا و پرۆژەكانی دیكەی كارەبا خەرجكراوە. هەربۆیە ئەو خەرجیانە لەم راپۆرتەدا ئاماژەی پێنەدراوە.

داهاتی نەوت لە پێنج مانگدا سێ ترلیۆن و 391 ملیار دینار بوە

بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بۆی رەوانەی کراوە زیاتر لە سێ ترلیۆن و 391 ملیار دینار بوە، هەروەها 400 ملیار دیناریش لە بەغداوە رەوانەی هەولێر کراوە، داهاتی ناوخۆش لەو ماوەیەدا تریلیۆنێک و 708 ملیار دینار بوە، هاوکاری هاوپەیمانانیش نزیکەی 140 ملیار دینار بوە.

خەرجی موچە لە پێنج مانگدا چوار تریلیۆن و 625 ملیا دینار بوە

لەبارەی خەرجییەکانیش لە راپۆرتەکەدا هاتوە، زۆرترین خەرجی حکومەت بۆ موچە بوە کە لە پێنج مانگدا چوار تریلیۆن و 625 ملیا دینار خەرج کراوە، دواتریش خەرجی بەکارخستن، وەبەرهێنان و کارەبا زۆرترین پارەیان بۆ تەرخانکراوە، بەراورد بە خەرجییەکانیش داهاتی حکومەتی هەرێم 137 ملیار دینار کورتهێنانی هەبوە.

No description available.