چه‌كه‌ پێشكه‌وتوه‌كانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆكرانیا؛ ئامێره‌ سه‌ربازییه‌كانی روسیا وێران ده‌كه‌ن

11:39 - 02/07/2022

15168جار خوێندراوەتەوە

تۆپهاوێژی په‌ره‌پێدراوی مۆدێرنی هاوته‌رز له‌ جۆری (M777)

خه‌ندان-

له‌ 24ی (شوبات/2)ی 2022دا، به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی روسیا و له‌ ژێر ناوی "ئۆپراسیۆنی پاراستنی ناوچه‌كانی دۆنباس"، هێزه‌كانی روسیا هێرشێكی به‌رفراوانیان كرده‌ سه‌ر ئۆكرانیا، وڵاتانی جیهانیش به‌ به‌خشینی چه‌ك و پاره‌ هێزه‌كانی ئۆكرانیایان به‌ره‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ و تێكشكاندنی هێزه‌كانی روسیا ئاڕاسته‌ كرد و تا ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئەو چەكانەی دراون بە ئۆكرانیا بونەتە هۆكاری سەرەكی تێكشكاندنی چەك و كەرەستە سەربازیەكانی روسیا.

تۆڕی هه‌واڵی BBC، له‌ راپۆرتێكیدا له‌باره‌ی به‌راوردكاری توانا سه‌ربازییه‌كانی ئۆكرانیا و روسیا بڵاویكرده‌وه‌، ڤۆلۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایگه‌یاندوه، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری هێزه‌كانی روسیا ببنه‌وه‌ پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا ئامێره‌ سه‌ربازییه‌كانی روسیا تێكبشكێنن، به‌و شێوه‌یه‌ش پێویستیان به‌ سیستمی به‌رگری و تۆپهاوێژی په‌ره‌پێدراوی مۆدێرن هه‌یه‌.

هه‌ندێك له‌ وڵاتان به‌ پێدانی پاره‌ و قه‌رزی درێژخایه‌ن هاوكارییه‌كانیان بۆ ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند مانگی سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی روسیاوه‌، سوپای ئه‌و وڵاته‌ به‌شێكی زۆری خاكی ئۆكرانیای كۆنتڕۆڵكردبو، وڵاتانی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ده‌ستیان به‌ پێدانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ناردنی هاوكاری سه‌ربازی به‌ ئۆكرانیا كرد و هه‌ندێك له‌ وڵاتان به‌ پێدانی پاره‌ و قه‌رزی درێژخایه‌ن هاوكارییه‌كانیان ده‌ستپێكرد و پاشان هاوكارییه‌كانیان بۆ پاڵپشتی سه‌ربازی گۆڕی.
ئه‌مریكا وه‌ك یه‌كه‌مین وڵات، تا ئێستا به‌ بڕی 25 ملیار و 450 هه‌زار دۆلار هاوكاری ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا كردوه‌

BBC باسی له‌وه‌شكردوه‌، ئه‌مریكا وه‌ك یه‌كه‌مین وڵات ده‌ستیكرد به‌ ره‌وانه‌كردنی هاوكارییه‌ مرۆیی، سه‌ربازیی و ئابورییه‌كانی بۆ ئۆكرانیا و له‌ ده‌ستپێكی ناردنی پاڵپشتییه‌كانی تا ئێستا به‌ بڕی 25 ملیار و 450 هه‌زار دۆلار هاوكاری ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا كردوه‌، پاش ئه‌ویش بریتانیا دێت کە دوه‌مین ده‌وڵه‌مەندترین ئه‌ندامی نێو رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)یە و تا ئێستا به‌ بڕی دو ملیار و 530 هه‌زار دۆلار هاوكاری ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا كردوه‌، پاشانیش وڵاتانی پۆڵاند، ئه‌ڵمانیا، كه‌نه‌دا، نه‌رویج و نۆ وڵاتی دیكه‌ی جیهان دێن کە هاوكارییه‌كانیان به‌مشێوه‌یه‌ ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا كرد کە لە وێنەکەدا رونکراوەتەوە.

 



لە راپۆرتەكەدا BBC ئەوەشیخستوەتەڕو، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئۆكرانیا روبه‌ڕوی هێرشێكی ئاسمانی و بۆردومانی زۆری روسیا بونه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ پاشه‌كشه‌كردندا بون و به‌رپرسانی ئۆكرانیا داوی هاوكاری به‌په‌له‌یانكرد، وڵاتانی جیهان به‌ تایبه‌ت وڵاتانی رێكخراوی ناتۆ و ده‌ستیان به‌ ره‌وانه‌كردنی موشه‌كهاوێژی دورمەودا كرد كه‌ ئه‌ویش سیستمی موشه‌كهاوێژی په‌ره‌پێدراوی هێمارس (Himars)ی ئه‌مركیی بو كه‌ به‌ دوری 70 كیلۆمه‌تر موشه‌ك ئاڕاسته‌ ده‌كات و هه‌روه‌ها سیستمی موشه‌كی ئاسمانی (M270)ی 70 كیلۆمه‌تری و هاوێتزێری ئه‌ڵمانی 40 كیلۆمه‌تریان ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا كرد كه‌ بوه‌ هۆکارێکی سەرەکی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزه‌كانی روسیا كه‌ له‌ رێگه‌ی مه‌شه‌كهاوێژی (Smerch)ی روسی 70 كیلۆمه‌تری و (GB-Howitzer)ی 40 كیلۆمه‌تری و هاوته‌رزی (D-30) تۆپبارانی ته‌واوی شاره‌كانی ئۆكرانیایان ده‌كرد.



هه‌روه‌ها، هه‌ریه‌كه‌ له‌ كه‌نه‌دا، ئوستراڵیا و ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ی ره‌وانه‌كردنی تۆپهاوێژی په‌ره‌پێدراوی مۆدێرنی هاوته‌رز له‌ جۆری (M777)، توانیان هێزه‌كانی کیێڤ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بەهێز ببن، ئەمەش وایكرد هێزه‌كانی روسیا له‌ ئۆكرانیا و له‌ به‌شێكی هه‌رێمه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ پاشه‌كشه‌یان کرد، ئەو وڵاتانە رۆڵێكی باڵایان هه‌بو له‌ پاشه‌كشه‌پێكردنی سوپای روسیا له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌رێمی كیێڤ، خاركیڤ، كرسن و چه‌ند هه‌رێمێكی دیكه‌ی ئۆكرانیا، ئه‌و تۆپهاوێژەش به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر توانای وێرانكردنی هه‌ر ئامانجێكی هه‌یه‌ و له‌ دوری 40 كیلۆمه‌تره‌وه‌ زۆر به‌ وردی ئامانجه‌كانی ده‌پێكێت.

جگه‌ له‌وه‌ی ئەڵمانیا 50 تانکی گیبارد ره‌وانه‌ی كیێڤ كرد، كه‌ به‌ دژه‌ فڕۆكه‌ ناسراوه‌ و توانای هه‌یه‌ دژی فڕۆكه‌ و هێلیكۆپته‌ر تا به‌رزایی سێ هه‌زار و 500 مه‌تر به‌كاربهێنرێت و بەپێی راپۆرتە سەربازییەکانی ئه‌و وڵاته‌، ئه‌و تانكانه‌ ده‌توانرێت لە دژی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان کەڵکیان لێوەربگیرێت، هه‌روه‌ها دەتوانێت تا 550 کیلۆمەتر بڕوات و بەربەستەکانی ئاو ببڕێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە کەرەستەی زیادە هەبێت.