واتسئەپ تایبەتمەندییەکی نوێی پەیوەست بە نامەی بێزارکەر تاقیدەکاتەوە

09:51 - 02/07/2022

16916جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
بەرنامەی واتسئەپ رایگەیاند، لەئێستادا تاقیکردنەوە لەسەر تایبەتمەندییەکی نوێ دەکەن کە بریتییە لە شاردنەوەی دۆخی بەکارهێنانی بەرنامەکە کە بە "ئێستا لەسەر هێڵە - یان online بە زمانی ئینگلیزی" ناسراوە، ئەو تایبەتمەندییەش رەنگە هاوکاری بەکارهێنەران بێت لەوەی  نامەی بێزارکەریان پێنەگات بەتایبەت لە کاتەکانی درەنگانی شەودا کە سەرقاڵی بەکارهێنانی بەرنامەکەن.

شاردنەوەی لەسەر هێڵ -online لەداهاتویەکی نزیکدا لە بەرنامەی وەتسئەپ بەردەست دەبێت

ماڵپەڕی (WABetaInfo) کە دوایین زانیارییەکانی پەیوەست بە بەرنامەی واتسئەپ بڵاودەکاتەوە، لە هەواڵێکدا باسی لەوەشکردوە، تایبەتمەندی شاردنەوەی "لەسەر هێڵ -online" لەداهاتویەکی نزیکدا لە بەرنامەی واتسئەپ بەردەست دەبێت، بەرنامەکەش بۆ بەکارهێنەرانی هەردو سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس چالاک دەکرێت.

تایبەتمەندییەکە لەسەر داوای بەکارهێنەران زیاد کراوە 

دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییەش دوای ئەوە هات، لە ماوەی رابردودا داواکاریی لەسەر ئەو تایبەتمەندییە لە بەرنامەی واتسئەپ زیاتر دەبو، بەکارهێنەران دەیانویست تایبەتمەندی شاردنەوەی "لەسەر هێڵ -online" لەکاتی بەکارهێنانی بەرنامەکەدا چالاک بکرێت، چونکە لەکاتی شەودا  نامەی بێزارکەریان بۆ دێت.

لەئێستادا واتسئەپ خزمەتگوزاری شاردنەوەی "دوایین کاتی لەسەر هێڵ بون"یشی چالاک کردوە و بەکارهێنەران بە خواستی خۆیان دەتوانن کۆنتڕۆڵی هەژمارەکانیان بکەن کە هاوڕێکانیان بتوانن بزانن کەی دوایینجار هاتونەتە خەت یاخود نا.

ئەوەی یاسا نوێیەکانی پاراستنی زانیارییە تاکەکەسییەکان قبوڵ نەکات، بلۆک دەکرێت

دیارترین گۆڕانکاری واتسئەپ ناوەڕاستی ساڵی رابردو رویدا، کاتێک بەرنامەی واتسئەپ هۆشداری دا لەوەی کە هەر بەکارهێنەرێکی تاوەکو 15-05-2021 یاسا نوێیەکانی پاراستنی زانیارییە تاکەکەسییەکان قبوڵ نەکات، ئەوا بەرنامەکەی سنوردار دەکرێت و دوای چەند هەفتەیەکیش بەتەواوی دادەخرێت.