لاڤرۆڤ: ناونانی ناتۆ وه‌ك رێكخراوێكی پارێزه‌ری ئاشتی، كارێكی بێئه‌قڵانه‌یه‌

03:01 - 01/07/2022

1463جار خوێندراوەتەوە

سێرگێی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا

خه‌ندان-

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا  ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، هێزه‌كانی ناتۆ ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر سنوره‌كانی فراوانتر بكات بۆیه‌ له‌ ئێستادا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ سنوری هێزه‌كانی به‌ره‌و پاراستنی ئاسایشی زه‌ریای هیندی هه‌نگاوبنێت، چونكه‌ هۆكاره‌كه‌ی به‌ ئه‌ندامكردنی هیندستانه‌ له‌ رێكخراوه‌كه‌دا و "كاڵفامییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م لێدوانانه‌ له‌ باره‌ی ناتۆوه‌ به‌ دروست وه‌ربگیرێن".

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Russia Today، سێرگێی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئه‌مڕۆ له‌ میانه‌ی لێدوانێكدا بۆ خوێندكارانی زانكۆی بیلاڕوسیا له‌ مینسك-ی پایته‌خت رایگه‌یاندوه‌، كارێكی نا هۆشیارانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ناتۆ بوترێت هێزی ئاشتی پارێز.  

كاڵفامییه‌ ئه‌گه‌ر لێدوانه‌كان له‌ باره‌ی ناتۆوه‌ به‌ دروست وه‌ربگیرێن
وتیشی، "له‌ نوێترین لێدواندا وته‌بێژی كۆشكی سپی ئه‌مریكا ده‌ڵێت، پێویست ناكات روسیا و جیهان له‌ هێزه‌كانی ناتۆ سڵبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هێزه‌كانی ناتۆ بۆ پاراستنی ئاسایشە و پارێزه‌ری جیهانه‌، به‌ڕاستی كه‌سی كاڵفام ئه‌و لێدوانانه‌ ده‌دات و بێهیواكاره‌ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ له‌ ناتۆ بڕوانرێت".
یه‌كێك له‌ مه‌به‌سته‌كانی ناتۆ بریتییه‌ له‌ به‌ ئه‌ندامكردنی هیندستان له‌ رێكخراوه‌كه‌دا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ ئێستادا ده‌ڵێن ده‌بێت ناتۆ به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێبكات و سنوره‌كانی بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان و به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری زه‌ریای هێمن و هندی چالاكتر ببێت، ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستێكی رونی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت هیندستانیش بكه‌نه‌ به‌شێك له‌ رێكخراوه‌كه‌یان".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ كۆتایی دیداری ناتۆ له‌ مه‌درید به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و رێكخراوه‌ فراوانكردن و توندوتۆڵكردنی رێكاره‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ی به‌ پێویستزانی و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ژاپۆنی وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ گرنگه‌كان له‌ڕوی هه‌ڵوێسته‌ی جیۆپۆله‌تیك و شوێنه‌وه‌ ناوبرد.