ئه‌مریكا: ده‌بێت ئۆكرانییه‌كان رابه‌رایه‌تی ئامانجه‌كانیان لەم جه‌نگه‌ی روسیادا بكه‌ن

04:55 - 29/06/2022

1530جار خوێندراوەتەوە

جه‌یك سۆڵیڤن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی ئه‌مریكا

خه‌ندان-

راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری زیاتر به‌ ئۆكرانیا و له‌سه‌ر ئه‌وكاره‌شیان به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ڵام "پێویسته‌ ئۆكرانییه‌كان خۆیان ئامانج و ئاڕاسته‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ دیاری بكه‌ن".

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Russia Today، جه‌یك سۆڵیڤن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ ریگه‌یاند، گفتوگۆی زۆر جددی له‌ سه‌ر چه‌ند پرسێكی دیپلۆماسی و سه‌ربازی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئۆكرانیا ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ په‌یوه‌ستداربون به‌ به‌رنگاربونه‌وه‌ی روسیا له‌ رۆژهه‌ڵات و ئه‌نجامدانی هێرشی پێچه‌وانه‌ له‌ باشوری ئه‌و وڵاته‌ و دوباره‌ كۆنترۆڵكرنه‌وه‌ی خاكی كیێڤ.

له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چه‌ند هێرشێكی پێچه‌وانه‌، ئه‌مریكا  رونكردنه‌وه‌ و بۆچونی خۆی به‌ ئۆكرانییه‌كان داوه‌
 وتیشی، "وڵاته‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی فراوان رونكردنه‌وه‌ و بۆچونی خۆی به‌ ئۆكرانییه‌كان داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چه‌ند هێرشێكی پێچه‌وانه‌ و به‌هێزكردنی چه‌ند خاڵێكی به‌رگری له‌ ئۆكرانیا".
پێویسته‌ ئۆكرانییه‌كان خۆیان ئامانج و ئاڕاسته‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ دیاری بكه‌ن
راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكردوه‌، له‌و بڕوایه‌داین كه‌ پێویسته‌ ئۆكرانییه‌كان خۆیان ئامانج و ئاڕاسته‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ دیاری بكه‌ن، و له‌سه‌ر هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكاش ئه‌ركه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك هاوكاری پێشكه‌شی ئۆكرانیا بكه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتوبێت له‌ پێكانی ئه‌و ئامانجانه‌ی".
ئێمه‌ له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی ئۆكرانیا له‌ ئێستادا هاوكاری ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا ده‌كه‌ین
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئێمه‌ له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی ئۆكرانیا له‌ ئێستادا هاوكاری ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌شمان به‌رده‌وامده‌بین".