هۆڵندا و ئه‌ڵمانیا كاروانێكی دیكه‌ی چه‌كی قورس رەوانەی ئۆكرانیا ده‌کەن

04:25 - 29/06/2022

1583جار خوێندراوەتەوە

كاییسا ئۆڵنگرن، وه‌زیری به‌رگری هۆڵندا

خه‌ندان-

وه‌زیری به‌رگری هۆڵندا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، له‌ پێناو پێشكه‌شكردنی هاوكاری زیاتر به‌ هێزه‌كانی ئۆكرانیا، له‌گه‌ڵ كریستین لامرێكت، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا بڕیاری ره‌وانه‌كردنی شه‌ش تۆپهاوێژی په‌ره‌پێدراویان له‌ جۆری PzH2000 بۆ کیێڤ داوه‌.

شه‌ش تۆپهاوێژی په‌ره‌پێدراو له‌ جۆری PzH2000 ره‌وانه‌ی ئۆكرنیا ده‌كه‌ین
كاییسا ئۆڵنگرن، وه‌زیری به‌رگری هۆڵندا له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كریستین لامرێكت، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا بڕیارماندا به‌وه‌ی شه‌ش تۆپهاوێژی په‌ره‌پێدراو له‌ جۆری PzH2000 ره‌وانه‌ی ئۆكرنیا بكه‌ین".
ئه‌م هاوكارییه‌ له‌ ئێستادا پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی ئۆكرانیایه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌م هاوكارییه‌ له‌ ئێستادا پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی ئۆكرانیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ بكات و له‌ به‌رگرییه‌كانی به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی روسیا به‌رده‌وامبێت".

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كاروانی هاوكاری ئه‌و دو وڵاته‌ نییه‌ و پێشتریش به‌رگری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاندبو كه‌  به‌ هاوكاری حكومه‌تی هۆڵندا زیاتر له‌ 12 (دوازده‌) موشه‌ك هاوێژی په‌ره‌پێدراوی ئه‌ڵمانیا (پێنزرهاوبێتز) ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا ده‌كرێت له‌ پێناو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هێزه‌كانی مۆسكۆ و پاشه‌كشه‌ پێكردنی سه‌ربازانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناو خاكی ئۆكرانیادا.

هه‌روه‌ها، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی ئه‌ڵمانیا ئاماژەی بەوەکردبو، له‌ پێناو پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی ئۆكرانیا و به‌رهه‌ڵستیكردنی هێزه‌كانی روسیا، كاروانێكی هاوكاری سه‌ربازی چه‌كی قورس ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات كه‌ له‌ 15 (پازده‌) تانكی په‌ره‌پێدراوی (جێپرد)ی خود به‌رگریكاری ئه‌ڵمانی پێكهاتوه‌.