حاکم قادر: دەبێت یەکێتی و پارتی پێکەوە ڕوبەڕوی پیلانەکانی دژی هەرێم ببنەوە

10:55 - 28/06/2022

1541جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حاکم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌نديی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عێراق بیانەوێت بە هێرش و پەلاماردان قەوارەی ھەرێم لە قاڵب بدەن، دەبێت بزانن ئەو هەنگاوەیان پێچەوانەیە لەگەڵ بنەما و پڕەنسیپەکانی فیدڕاڵیەت، بۆیە پەیوەست بەم بابەتە داوا لە پارتی و یەکێتی و هەمو لایەنە کوردستانییەکان دەکات یەكگرتوبن بەرامبەر ھەر جۆرە "پیلانێك و پێكەوە ڕوبەڕوی ببنەوە".

ڕێكخراوەكان توانیویانە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنن
حاکم قادر حه‌مه‌جان ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ ژمارەیەک کارمەندی پزیشکی ئەندام لە  ڕێكخراوی پیتەر بۆ سەلامەتی ددانسازەكانی كوردستان کۆبوەتەوە و باسی لەوەشكردوە، حزبەکەی "ھەمیشە پشتیوانی لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە پیشەیی و ناحكومیەكان كردوەو لە داھاتویشدا بەردەوام دەبێت لەو پشتیوانییە، چونكە یەكێتی حزبی خەڵك و ھەمو چین و توێژەكانە، هەروەها ستایشی كاری ڕێكخراوەكانیش دەکەین کە توانیویانە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنن."
لایەنە كوردییەكان یەك دەنگ و یەكگرتوبن بەرامبەر ھەر جۆرە پیلانێك و پێكەوە ڕوبەڕوی ببنەوە
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆریش، حاکم قادر ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، "ھەر ھێرشێك و كارێكی تیرۆرستی بۆسەر ھاوڵاتیانی كوردستان و ھەرێمەكەمان سەركۆنە دەكەین و پێویستە یەكێتی و پارتی بەتایبەت و لایەنە كوردییەكان یەك دەنگ و یەكگرتوبن بەرامبەر ھەر جۆرە پیلانێك و پێكەوە ڕوبەڕوی ببنەوە".
لەسەر بنەما دەستورییەکان گفتوگۆ بکەن و دەستور بکەنە بنەمای ڕێککەوتن
ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەگەر ھێزە سیاسییەكانی عێراق، یان هەر لایەنێک بیانەوێت بە هێرش و پەلاماردان قەوارەی ھەرێم لە قاڵب بدەن، دەبێت بزانن ئەمە پێچەوانەی بنەما و پڕەنسیپەکانی فیدڕاڵیەتە و تاکە چارەسەریش ئەوەیە سەرجەم لایەنەکان لەسەر بنەما دەستورییەکان گفتوگۆ بکەن و دەستور بکەنە بنەمای ڕێککەوتن."