سەرۆکایەتی فینلاند: تورکیا ئەندامیەتی فینلاند و سویدی لە ناتۆ پەسەندکرد

09:37 - 28/06/2022

5175جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکایەتی کۆماری فینلاند رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکی وڵاتەکەیان، سەرۆکی وەزیرانی سوید، سەرۆک کۆماری تورکیا و سکرتێری گشتی ناتۆ رێککەوتنێک واژۆکراوە، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش تورکیا پشتیوانی لە ئەندامیەتی فینلاند و سوید لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکات.

داواکارییەکەی فینلاند و سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ تاوتوێ کرا
ئەمڕۆ سێشەممە لە پەراوێزی کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچو، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سه‌رۆک كۆماری توركیا، ساولی نینیستۆ، سه‌رۆکی فینلاند، ماگدالینا ئاندرسۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکەشدا داواکارییەکەی فینلاند و سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ و ناڕەزایی تورکیا لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە.
تورکیا ئەندامیەتی فینلاند و سویدی لە ناتۆ پەسەندکرد
دوای کۆبونەوەکە سەرۆکایەتی کۆماری فینلاند لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تورکیا پشتیوانی لە سوید و فینلاند دەکات بۆ ئەوەی ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ.
ئەنقەرە ئەوەی خواستی لەسەری بو، بەدەستیهێنا
لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆی مەدرید،  ئەنقەرە ئەوەی خواستی لەسەری بو، بەدەستیهێناوە.
رەزامەندیمان پەیوەستە بەوەی ئەو وڵاتانە تا چ ئاستێک رێز لە هەستیارییەکانی تورکیا دەگرن
18ی ئایار رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەزامەندی وڵاتەکەی بۆ بون بە ئەندامی سوید و فینلاند لە ناتۆ پەیوەستە بە بەوەی ئەو وڵاتانە تا چ ئاستێک رێز لە هەستیارییەکانی تورکیا دەگرن، بەتایبەت لە بابەتی رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە تورکیا، بەپێچەوانەوە ناهێڵن بێنەناو ناتۆوە.
 تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندامبونی ئەو دو وڵاتە وەستایەوە
مانگی رابردو رابردو سوید و فینلاند داواکارییان بۆ ئەندامبونیان لە ناتۆ بەرزکردەوە، داواکارییەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بەڵام تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندامبونی ئەو دو وڵاتە وەستایەوە، ئەوەش وایکرد ناتۆ نەتوانێت دەست بە رێکارە پێویستەکان بکات.

نیشانەکردن

تورکیا ناتۆ