یەکێتی مامۆستایان: حکومەتی هەرێم بە هەمو شێوەیەک هەڵگرتنی چەک قەدەغە بکات

08:40 - 28/06/2022

1092جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، شەهیدکردنی مامۆستایان لە گۆڕنانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە، دواجاریش هەڵتەکاندنی کۆمەڵگایە، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن بە هەمو شێوەیەک هەڵگرتنی چەک قەدەغە بکات و دادگاکانیش چیتر "خاوەخاو بە دۆسییەکان نەکەن و بەتوندترین شێوە سزای ئەوانە بدەن کە توندوتیژی بەرامبەر مامۆستایان دەکەن."

 شەهیدکردنی مامۆستایان لە گۆڕنانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ رۆژێکی رەش بو بۆ شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان کە تیادا مامۆستا (کاوان ئیسماعیل و ئیدریس حەمە خان) شەهیدکران، یەکێتی مامۆستایان باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە شەهیدکردنی مامۆستایان لە گۆڕنانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە، دواجاریش هەڵتەکاندنی کۆمەڵگایە.

پەرلەمان چاو بە بڕیاری رەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای پارێزبەندی بۆ مامۆستایان بخشێنێتەوە

ئەوەش هاتوە، یەکێتی مامۆستایان لە سۆنگەی هەستکردن بە مەترسییەکان کە روبەڕوی مامۆستایان دەبنەوە، پێشوتر پڕۆژەیاسایەکی بۆ دانانی پارێزبەندی بۆ مامۆستایان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردبو چونکە باوەڕی وایە بەبەردەوامی مامۆستایان روبەڕوی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە، بۆیە لەئێستاشدا داوا دەکەن پەرلەمانی کوردستان چاو بە بڕیاری رەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای پارێزبەندی بۆ مامۆستایان بخشێنێتەوە.

حکومەتی هەرێم بە هەمو شێوەیەک هەڵگرتنی چەک قەدەغە بکات

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داواش دەکات حکومەتی هەرێم بە هەمو شێوەیەک هەڵگرتنی چەک قەدەغە بکات، چونکە روداوەکانی کوشتن و بریندارکردن بە چەک بونەتە دیاردە، هەروەها داوا دەکات دادگا چیتر "خاوەخاو بە دۆسییەکان نەکەن و بەتوندترین شێوە سزای ئەوانە بدەن کە توندوتیژی بەرامبەر مامۆستایان دەکەن."

No description available.