وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: رێكه‌وتنێكی ئابوری له‌گه‌ڵ توركیا واژۆ ده‌كه‌ین

11:09 - 27/06/2022

1831جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

حسێن ئه‌میر عه‌بدولهه‌یان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند، له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌نقه‌ره‌ مه‌ولود چاوشئۆغڵو هاوتا توركیه‌كه‌ی، له‌ هه‌ستیاری و ڕه‌چاوكردنی ئێران، به‌ جموجۆڵه‌كانی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌ ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌، "له‌ داهاتویه‌كی نزیكیشدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی لیژنه‌یه‌كی ئابوری هاوبه‌ش له‌ نێوان توركیا و ئێران ده‌كرێت".
 
حسێن ئه‌میر عه‌بدولهه‌یان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغڵو رایگه‌یاند، "له‌ دیداره‌كه‌ماندا ڕاشكاوانه‌ باسم له‌ هه‌ستیاری و ڕه‌چاوكردنی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ قه‌واره‌ی زایۆنی و كرداره‌كانی له‌ناوچه‌كه‌ كرد، چونكه‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، هۆكارێكه‌ بو بۆ قه‌یران و نائارامی و ناسه‌قامگیری".

هیواخوازم خولی نوێی دانوستانه‌كان ببێته‌ هۆی ڕێككه‌وتن

سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی، حسێن ئه‌میر عه‌بدولهه‌یان وتی، "هیواخوازم خولی نوێی دانوستانه‌كان له‌ڕێگه‌ی په‌سه‌ندكردنی بۆچونێكی واقیعی له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و سێ وڵاتی ئه‌وروپیه‌وه‌ ببێته‌ هۆی ڕێككه‌وتن".

ڕه‌شنوسێك و كۆپییه‌ك له‌ پێشنیازه‌كه‌ی لایه‌نی ئێرانی پێشكه‌ش به‌ مه‌ولود چاوشئۆغڵو ده‌كرێت

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆمدا بۆ ئه‌نقه‌ره‌، ڕه‌شنوسێك و كۆپییه‌ك له‌ پێشنیازه‌كه‌ی لایه‌نی ئێرانی پێشكه‌ش به‌ مه‌ولود چاوشئۆغڵو ده‌كرێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك به‌ناونیشانی (هاوكاری گشتگیر و درێژخایه‌نی نێوان دو وڵات)".

له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی لیژنه‌یه‌كی ئابوری هاوبه‌ش له‌ نێوان توركیا و ئێران ده‌كرێت

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی لیژنه‌یه‌كی ئابوری هاوبه‌ش له‌ نێوان توركیا و ئێران ده‌كرێت، كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ تاوتوێكردنی دیارده‌ی خۆڵبارین و گرفته‌ ژینگه‌ییه‌كان چاره‌سه‌ركردن و لێكه‌وته‌كانی".

سه‌باره‌ت به‌ پرسی فه‌ڵه‌ستین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی له‌وه‌كرد، "ئێمه‌ دڵنیاین كه‌ توركیا له‌ پاڵپشتییه‌كانی بۆ فه‌ڵه‌ستین و ئازادكردنی قودس و مزگه‌وتی ئه‌قسا دور نه‌كه‌وتۆته‌وه‌".

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا، حسێن ئه‌میر عه‌بدولهه‌یان ئاشكرایكرد، "ئێمه‌ له‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا تێده‌گه‌ین، ئێرانیش ئاسایشی توركیا به‌ یه‌كێك له‌ ئاسایشه‌كانی ده‌زانێت، ئێمه‌ش ته‌نها خێرمان بۆ ناوچه‌كه‌ و بۆ توركیاش ده‌وێت كه‌ وڵاتێكی برا و دۆست بێت".

نیشانەکردن

ئێران تورکیا