خه‌ندان-
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، پله به‌رزكردنه‌وه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كان و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم رانه‌گیراوه و ته‌نها پله به‌رزكردنه‌وه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی راگیراوه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه و حكومه‌تیش هۆكاره‌كه‌ی بۆئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه پاره‌یه‌كی زۆری پێویسته تا پله به‌رزكردنه‌وه مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبكاته‌وه.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "بۆ پله به‌رزكردنه‌وه مامه‌ڵه‌كردن به دو پێوه‌ری جیاواز له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌راندا ده‌كرێت، به‌بڕیاری هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان دهستیپێكردوهتهوهو بۆیان به‌ستراوه، پێشتریش سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پله به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆكراوه، پله به‌رزكردنه‌وه‌ی هێزی ئه‌منی و سه‌ربازی به‌رده‌وام بوه و ڕانه‌گیراوه".
پێویسته به‌هه‌مان پێوه‌ری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی بكه‌ن
راشیگه‌یاندوه، "چۆن پله به‌رزكردنه‌وه بۆ فه‌رمانبه‌ران هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌و دادوه‌ران و هێزی ئه‌منی و سه‌ربازی كراوه، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ئه‌و مافه‌یان هه‌یه، به‌جۆرێكی دیكه چۆن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان پله به‌رزكردنه‌وه‌یان بۆ فه‌رمانبه‌رانی سهرۆكایهتیهكانیان كرد پێویسته به‌هه‌مان پێوه‌ر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بكه‌ن".
به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێن، پله به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بڕێكی زۆر پاره‌ی پێویسته
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئاماژه‌ی به ئه‌نجامی به‌دواداچونێك بۆ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كردوه و ده‌شڵێت، "به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێن، پله به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بڕێكی زۆر پاره‌ی پێویسته‌و له توانای حكومه‌تی هه‌رێمدا نیه له ئێستادا، له‌كاتێكدا به‌یاسا حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت پله به‌رزكردنه‌وه ڕابگرێت".