وەزارەتی دارایی عێراق: سەردانیکردنی ئەمڕۆی ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ وەزارەتمان نایاسایی بو

09:17 - 27/06/2022

4329جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، سەردانیکردنی ئەمڕۆی ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق بۆ وەزارەتەکە نایاسایی بوە، دەشڵێت بەهۆی ئەوەوە نەکراونەتە ژورەوە لەکاتەکانی کۆتایی دەوامدا هاتون.

 ئەو پەرلەمانتارانە لە کۆتا کاتژمێری دەوامدا بوە

وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە،" رەفتاری ئەو پەرلەمانتارە رەتدەکەینەوە کە ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوەیان کردبو کە لەکاتی هاتنیان بۆ وەزارەتمان پێشوازیان لێنەکراوە، سەردانیکردنی ئەو پەرلەمانتارانە لە کۆتا کاتژمێری دەوامدا بوە".

بانگهێشت و پرساندن بە ڕێوشوێنی یاسایی و بە نوسراوی فەرمی دەبێت

ئاماژەی بەوەشکردوە،" سەردانیکردنی فەرمانگەکانی حکومەت بەو شێوەیە پێشێلکردنی ماددەی 15ی یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانە ، کە تێیدا هاتوە،"بانگهێشت و پرساندن بە ڕێوشوێنی یاسایی و بە نوسراوی فەرمی دەبێت، بەبێ سەردانیکردنی وەزارەت و فەرمانگە و دەزگا و دەستەکان دەبێت".

وەزارەتی دارایی رێز لەو ئیمتیازاتانە دەگرێت کە پەرلەمانتاران هەیانە

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە،" وەزارەتی دارایی رێز لەو ئیمتیازاتانە دەگرێت کە پەرلەمانتاران هەیانە، لەناویشیاندا مافی پارێزبەندی، بەڵام پێویستە ئەم مافە بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە هەڵبگرن، بۆ ئەجێندایەکی تایبەتی بەکارینەهێنن، ئێمە رێگە نادەین هیچ فەرمانبەرێکمان روبەروی هەڕەشە و سوکایەتی ببێتەوە لەلایەن هیچ کەسێکەوە لەماوەی راپەڕاندنی کارەکانیانەوە".

پارێزگاری لە مافی یاسایی خۆمان دەکەین

باسی لەوەشکردوە،" پارێزگاری لە مافی یاسایی خۆمان دەکەین، لەو ناوزڕاندن و بانگەشە درۆیانەی بەرامبەرمان کراوە، دەرگاشمان بەروی هەمواندا کراوەیە هیچ جیاوازییەک لەنێوان توێژێک یان لایەنێکدا نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دوشەممە، گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە، کەتێیدا دەردەکەوێت ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی دەکەن و داوا دەکەن، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی ببینن، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی وەزارەتەکەوە رێگەیان پێنەدرا بچنە ژورەوە.