له‌ چوار پارێزگای عێراق ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی 18 كۆگا و 320 تانكی سوته‌مه‌نی قاچاخ راگه‌یه‌ندرا

09:09 - 27/06/2022

648جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ 4 (چوار) پارێزگای عێراق هێزه‌كانیان ده‌ستیان به‌سه‌ر 18 (هه‌ژده‌) كۆگا و 320 (سێسه‌د و بیست) تانكی سوته‌مه‌نیدا گرتوه‌ كه‌ نه‌وت و به‌نزینی قاچاخیان تێدابوه‌، ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباریش ده‌ستگیركراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌درێت.

شانه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربازی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، تیمه‌كانی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی له‌ به‌غدای پایته‌خت توانیان ده‌ست به‌سه‌ر 7 (حه‌وت) بارهه‌ڵگر له‌جۆری تانكه‌ر و 18 (هه‌ژده‌) كۆگای سوته‌مه‌نیدا گرت كه‌ مه‌به‌ست لێیان هه‌ڵگرتن و به‌قاچاخبردنی نه‌وت بو و له‌نێو ئه‌و شوێنانه‌شدا 320 (سێسه‌د و بیست) تانكی هه‌بون كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان بڕی 28.950 (بیست و هه‌شت هه‌زار و نۆسه‌د و په‌نجا) لیتر گازیان تێدابو، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا 3 (سێ) تۆمه‌تبار كه‌ به‌رپرس بون له‌و تانكه‌ر و كۆگایانه‌ ده‌ستگیركراون. 

 له‌ پارێزگای بابل، تیمه‌كانی هه‌واڵگری توانیان ده‌ست به‌سه‌ر دو تانكه‌ردا بگرن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ پارێزگای بابل، تیمه‌كانی هه‌واڵگری توانیان ده‌ست به‌سه‌ر دو تانكه‌ردا بگرن كه‌ له‌ناو هه‌ر یه‌كێكیان 1.000 (هه‌زار) لیتر به‌نزین هه‌بو، 2 (دو) تۆمه‌تباریش كه‌ شۆفێری تانكه‌ره‌كان بون ده‌ستگیركران و ده‌ستبه‌سه‌ر 42 (چل و دو) كۆبۆنی به‌نزینیشدا گیراوه‌. 

له‌ پارێزگای زیقاڕ، ده‌ست به‌سه‌ر تانكه‌رێكدا گیرا كه‌ 10.000 (ده‌ هه‌زار) لیتر نه‌وتی سپی قاچاخی تێدابو

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ پارێزگای زیقاڕیش، ده‌ست به‌سه‌ر تانكه‌رێكدا گیرا كه‌ 10.000 (ده‌ هه‌زار) لیتر نه‌وتی سپی قاچاخی تێدابو و خاوه‌نه‌كه‌شی ده‌ستگیركرا، هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینیش 2 (دو) كه‌س ده‌ستگیركران كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ بازرگانیكردن به‌ به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت، ده‌ستیش به‌سه‌ر 5.100 (پێنج هه‌زار و سه‌د) لیتر به‌نزین.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، له‌ئێستادا سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، ڕه‌وانه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كراون بۆ وه‌رگرتنی رێكاره‌ یاساییه‌كان.