وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم زانیاری له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌خاته‌ڕو

04:24 - 27/06/2022

10810جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6)ی 2022ی فه‌رمانبه‌ران به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان رایگه‌یاند، "له‌ داهاتی به‌رده‌ستی حكومه‌ت، ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ موچه‌یه‌ و له‌ئێستاشدا چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ دیاری بكات". 

جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم له‌میانه‌ی كردنه‌وه‌ی ئیڤێنتێك له‌شاری هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین ئه‌و ژینگه‌ ئاسایش و سه‌قامگیره‌ بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بپارێزین، هه‌مو كۆمپانیاكان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ حكومه‌ت له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسی و یاساییه‌كانه‌وه‌ هه‌مو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ پاراستنی ئاسایش و ئه‌منیه‌تی كۆمپانیاكان".

له‌ داهاتی به‌رده‌ست ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌
سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان كه‌ به‌پێی پێشبینیه‌كان رۆژانی 9 یاخود 10ی مانگی داهاتو ده‌بێته‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن، جوتیار عادل ئاشكرایكرد، "وه‌زاره‌تی دارایی په‌یوه‌سته‌ به‌ بابه‌تی دابه‌شكردنی موچه‌، بابه‌تی موچه‌ په‌یوه‌ندی به‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌كو حكومه‌تیش پێشتر رامانگه‌یاندوه‌، له‌ داهاتی به‌رده‌ست ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌، ئێستاش چاوه‌ڕێی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین كاتی دابه‌شكردنی موچه‌ دیار بكات".
ئه‌مڕۆ كۆتایی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ئایار/5)ی ئه‌مساڵ هات
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی خانه‌نشینی سه‌ربازی، كۆتایی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ئایار/5)ی ئه‌مساڵ هات، به‌پێی سه‌رچاوه‌كانیش بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوه‌وه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6) بكرێـت و هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی رابردوش، یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت كه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرێت، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌بێت.

نیشانەکردن

موچە