هەواڵی ئەمڕۆ

خه‌ندان زانیاری نوێ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڵاوده‌كاته‌وه‌

06:53 - 25/06/2022

11208جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كاریه‌كانی بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6)ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێكرد و بڕیاریشه‌ به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان، موچه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكان دابه‌شبكرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی دارایی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند،  هه‌رچه‌ند به‌ فه‌رمی تا بڕیار له‌سه‌ر دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6)ی 2022ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌، به‌ڵام هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی رابردو ده‌بێت و ره‌نگه‌ چه‌ند رۆژێك به‌هۆی هاتنی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ پێشبخرێت، به‌وه‌ش له‌ كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوه‌وه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی ده‌كرێت.

به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان موچه‌ی ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت دابه‌شده‌كرێت

وتیشی، "به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان، به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان موچه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی، پێشمه‌رگه‌ یه‌كه‌كانی 70 و 80ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابه‌شده‌كرێت، پاشانیش ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و ئابوری، ناوخۆ، كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ هێزی زێڕه‌ڤانی و فه‌رمانده‌یی به‌رگری و فریاكه‌وتن ده‌كرێت".

رۆژی 8 یاخود 9ی مانگی داهاتو یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانه‌

به‌گوێره‌ی پێشبینیه‌كانی بواری فه‌له‌كناسی رۆژی 8 یاخود 9ی مانگی داهاتو یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانه‌، چاوه‌ڕوانده‌كرێت حكومه‌تی هه‌رێمیش ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك پشو رابگه‌یه‌نێت، به‌وه‌ش دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه‌ ماون چه‌ند رۆژێك دواده‌كه‌ون و راسته‌وخۆش له‌دوای پشوه‌كانی جه‌ژنی قوربان دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

له‌ بانك و گه‌نجینه‌كان ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6)ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستیپێكردوه‌

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌بانكه‌كانی سلێمانی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، له‌ بانك و گه‌نجینه‌كان ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6)ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستیپێكردوه‌، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ لیستی موچه‌ ئاماده‌كراوه‌، هه‌روه‌ها پاره‌ی پێویستیش كۆكراوه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو له‌گه‌ڵ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ بكرێت.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 6ی (حوزه‌یران/6)ی ئه‌مساڵ ده‌ستی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ئایار/5)ی 2022ی فه‌رمانبه‌ران كرد و رۆژی دوشه‌ممه‌ 27ی (حوزه‌یران/6) كۆتایی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌و مانگه‌ دێت.

نیشانەکردن

موچە حکومەتی هەرێم