ئوردن؛ کچە خوێندکارێک لەبەردەم بینای زانکۆکەی کوژرا

02:54 - 23/06/2022

1222جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم یەکێک لە زانکۆکانی عەممانی پایتەختی ئوردن، کچە خوێندکارێک کوژرا و بکوژەکەش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵات، پۆلیسی وڵاتەکەش رایگەیاند گەڕان بەدوای بکوژەکەدا بەردەوامە.

بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم زانکۆی زانستە کردەییەکان لە عەممانی پایتەختی ئوردن، کچە خوێندکارێک درایە بەر دەستڕێژی گوللە

سایتی ئەلعەرەبییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویکردوەتەوە،" بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم زانکۆی زانستە کردەییەکان لە عەممانی پایتەختی ئوردن، کچە خوێندکارێک درایە بەر دەستڕێژی گوللە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، مردنی راگەیەندرا".

تەقەکارەکە پێش روداوەکە بەچەکەوە چوەتە ناو بینای زانکۆکە

رونیشیکردوەتەوە،" تەقەکارەکە پێش روداوەکە بەچەکەوە چوەتە ناو بینای زانکۆکە بەبێ ئەوەی پاسەوانانی زانکۆکە هەستی پێبکەن و رێگری لێبکەن و دواتر لەبەردەم بیناکەدا تەقەی لە کچە خوێندکارەکە کردوە  و راستەوخۆ هەڵاتوە".

لەئێستادا تیمەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری روداوەکە دەستپێکردوە

ئاماژەی بەوەشکردوە،" لەئێستادا تیمەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری روداوەکە دەستپێکردوە و هەڵمەتەکانیان بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکە راگەیاندوە".

لەدوای روداوەکە، هەڵمەتێکی فراوانی ناڕەزایەتی لە سۆشیال میدیای عەرەبی و ئوردنی دروستبوە و داوای بە سزا گەیاندنی بکوژەکە دەکەن بە تایبەت دوای ئەوەی هەفتەی رابردوش لە روداوێکی هاوشێوەدا کچە خوێندکارێکی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی مەنسورە لە پارێزگای دەقهەلییەی باکوری قاهیرە بەناوی نیرە ئەشرەف ، لەلایەن کوڕە خوێندکارێکی هەمان زانکۆوە بەناوی محەمەد عادل  لەبەردەم بینای زانکۆکەیان سەربڕدرا.

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی میسر،"تاوانبارەکە کوژراوەکەی خۆشویستوە و رەتیکردوەتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات و وتویەتی" تائێستا بیرم لە هاوسەرگیریکردن نەکردوەتەوە"، بەو هۆیەشەوە لەبەردەم بینای زانکۆکە دەمەقاڵێیان بوە ، بەڵام کەس بیری بۆ ئەوە نەچوە روداوەکە بگاتە ئەو ئاستە".