وه‌زاره‌تی كاره‌با: بڕیاری لێخۆشبونی 15%ی قەرزی كاره‌با درێژناكرێته‌وه‌

11:52 - 23/06/2022

4704جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی کارەبای حكومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبونی 15%ی قەرزی سه‌ر هاوبه‌شانی کارەبا کۆتاییهاتوە، بەهیچ شێوەیەك جارێكی دیكە دوبارە ناكرێتەوە، پێویسته‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی قه‌رزی كرێی كاره‌بایان له‌سه‌ره‌، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كانی كاره‌با بكه‌ن بۆ راده‌ستكردنی كرێی كاره‌با.

ئەو لێخۆشبونە كۆتایی هاتوە و بەهیچ شێوەیەك جارێكی دیكە دوبارە ناكرێتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە، "وەزارەتی كارەبا لەپێناو بەرژەوەندی ئەو هاوبەشانەی قەرزاری كرێی كارەبا بون بەدرێژایی 6 (شەش) مانگی رابردو چەند جارێك ماوەی لێخۆشبونی لە 15%ی كرێی  كارەبای درێژكردەوە، لەئێستادا ئەو لێخۆشبونە كۆتایی هاتوە و  بەهیچ شێوەیەك جارێكی دیكە دوبارە ناكرێتەوە".

سه‌ردانیان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی پێدانی كۆی ئه‌و كرێیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ریان ماوه‌ته‌وه‌

وەزارەتی كارەبا ئەو هاوبەشانەی ئاگادار دەكاتەوە كە قەرزاری كرێی كارەبان، سه‌ردانیان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی پێدانی كۆی ئه‌و كرێیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ریان ماوه‌ته‌وه‌.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن به‌ لێخۆشبونی 15%ی پەسەندکرد 

ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەی 15ئەم مانگەدا، پێشنیازی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد تایبەت بە داشکاندنی رێژەی %15ـی ئەو پێشنینانەی حکومەت کە لەلای هاوڵاتییانە وەک (پێشینەی خانوبەرە، قەرزی سندوقی نیشتەجێبون و بانکی خانوبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری، قەرزی بچوک، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی، گەشتیاری، پابەندی دارایی کەڵەکەبوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستەری کۆمەڵایەتی، سزای دواکەوتن و سود لە سەر باج و رەسم) ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 (نه‌وه‌د) رۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سود وەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە.

لە رۆژی 27ی (تشرینی یەکەم/10) ساڵی رابردو لە سەر پێشنیازی ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا بە داشکاندنی رێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ ئەو هاوڵاتیانەی تا رۆژی 31ی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2021 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە.

نیشانەکردن

كاره‌با