پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەکی پەیوەست بە موچە پاشەکەوتکراوەکان دەکات

10:51 - 21/06/2022

7790جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابورى لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ گفتوگۆیان لەسەر یاداشتێک کردوە کە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاڕاستەی لیژنەکەیان کراوە و تیایدا داوا دەکرێت ئەو قەرزانەی حکومەت کە لەلای موچەخۆرانە، بەشێوەی "مقاصە" واتە لە موچە پاشەکەوتکراو و لێبڕاوەکان هەڵیگرێتەوە.

کۆبونەوەکە بۆ ئامادەکردنی دوانزە ڕاپۆرت بوە

راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ئامادەکردنی دوانزە ڕاپۆرت، ئه‌مڕۆ سێشەممه‌ لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌ کۆبوەوه‌.

سەرجەمیان دەکرێنە ڕاپۆرتێکی گشتگیر وگفتوگۆی زیاتریان لەسەر دەکرێت

ئەوەش هاتوە، لەکۆبونەوەکەدا سەبارەت بەو کێشە و پرسانەی کە لە دانیشتنی پێشوی پەرلەمان، بە یاداشت ئاڕاستەی لیژنەکە کرابون، دوا بە دوای بەدواداچونێک لەلایەن ئەو لیژنە لاوەکییانەی کە پێکهێنرابون، ئامادەکاری بۆ دوانزە ڕاپۆرت کرا بۆ ئەوەی سەرجەمیان بکرێنە ڕاپۆرتێکی گشتگیر و لە کۆبونەوەی داهاتوی لیژنەکەدا گفتوگۆی زیاتریان لەسەر بکرێت.

قەرزی فەرمانبەران لە موچەی پاشەکەوتکراو هەڵبگیرێتەوە

لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابورى پەرلەمان ئەوەشی خستوەتەڕو، ڕاپۆرتەکانیش کە گفتوگۆیان لەسەر کراوە بریتیون لە ئەو قەرزانەی حکومەت کە لەلای موچەخۆرانە بەشێوەی "مقاصە" واتە لە موچە پاشەکەوتکراو و لێبڕاوەکان هەڵیگرێتەوە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان، پرسی دواکەوتنی موچە و گەڕاندنەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان، داهاتی خاڵە سنورییەکان، دۆخی دارایی لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، خراپیی میکانیزمی دابەشکردنی موچەو دواکەوتنی، خراپیی کۆکردنەوەی باج و ڕسومات، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

کێشەی بێکاری و دامەزراندن تاوتوێ کراوە 

باسی لەوەشکردوە، هەروەها گفتوگۆ کراوە لەسەر یاداشتەکانی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست ، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان، و دەرچوانی دانەمەزراو، زیادکردنی باج و گرانبونی نرخی بازاڕ، چارەنوسی شایستە داراییەکانی ژنانی بێ هاوسەر و بەخێوکەرانی پەککەوتوان، و کێشەی بێکاری و دامەزراندن.

 ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت

لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابورى ئاماژەی بەوەشداوە، تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بو بە خستنەڕوی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی کە لەلایەن دەستەی چاودێری دارایی ئاڕاستەی لیژنەکەیان کرابو، بڕیاردرا لە کۆبونەوەی داهاتوی لیژنەکەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.