وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیارێکی نوێی لەبارەی نرخی بەنزین دەرکرد

09:50 - 21/06/2022

32688جار خوێندراوەتەوە


خەندان-
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، بڕیاردراوە رۆژانە  (3 بۆ 3،5) ملیۆن لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە كوالێتی باش دابینبکرێت، هەروەها سزای توندی هەر بەنزینخانەیەکیش دەدەرێت کەبەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەت سەرپێچی دەکەن و بەنزینی کوالێتی خراپ دەفرۆشن.

رۆژانە  (3 بۆ 3،5) ملیۆن لیتر بەنزین دابین دەکەین  
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، ئەمڕۆ سێشەممە بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی فراوانی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا كە بەڕێوەبەرانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكانی كوردستان ئامادەیبون. بڕیاردرا رۆژانە  3- 3،5 ملیۆن لیتر بەنزین دابین بکرێت بە كوالێتی باش.
وەزارەت بەنرخێکی پاڵپشتیکراو بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی بەنزینی 690 دیناریی
ئەوەش هاتوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە پاڵپشتیكردنی كەرتی گواستنەوەی گشتی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەت بەنرخێکی پاڵپشتیکراو بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی بەنزینی 690 دیناریی. 
وەزیری  سامانە سروشتیەکان سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە
لەکۆبونەوەکەدا وەزیری  سامانە سروشتیەکان سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە  كە لەماوەی 4 رۆژی رابردودا 9 ملیۆن لیتر بەنزینی بەشێوەیەكی "دادپەروەرانە" بەسەر پارێزگاکانی کوردستاندا دابینكردوەو رۆڵی لەكۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین هەبو. 
سزای توندی هەر بەنزینخانەیەکیش دەدەرێت کە سەرپێچی دەکەن
پەیوەست بە ڕوبەڕوبونەوەی خراپی کوالێتی بەنزینیش، وەزیری سامانە سروشتیەکان داوای لە لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچوونی كوالێتی بەنزینی کردوە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو دەستنیشان و سزای توندی هەر بەنزینخانەیەکیش بکەن کەبەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەت سەرپێچی دەکەن.