هەرێم وردەکای رێکەوتنی 50 ساڵەی نەوتی لەگەڵ تورکیا ئاشکرادەکات

12:59 - 17/06/2022

23669جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکان لەبارەی مەلەفی نەوت و بودجە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوامن و دەشڵێت حکومەتی هەرێم رێکەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ تورکیا هەیە تەنها بۆ گواستنەوەی نەوت لەرێگەی بەندەری جیهانەوە نەک فرۆشتنی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێکەوتوە لەسەر هەردو پرسی بودجە و نەوت

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە دیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای عەرەبیدا رایگەیاند،" حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێکەوتوە لەسەر هەردو پرسی بودجە و نەوت بەگوێرەی یاسای بودجەی 2021، لەئێستاشدا گفتوگۆکان بەردەوامن لەبارەی ئەو پرسانە و کۆمەڵێک پرسی هەڵپەسێردراوی هەردولاوە".

گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوتەوە تەمەنی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی بردوە

رونیشیکردوەتەوە،" زۆر پرسیار دەکرێت لەبارەی تەسلیمکردنەوەی نەوتی هەرێم بە بەغداد، بەڵام پێشتر بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی 2021 بڕیاردراوە بە رادەستکردنی  250000 دوسەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆ، لەبەرامبەر 320ملیار دیناری مانگانە دواتر دوای وردبینی کردن پارەکە بۆ 200 ملیار کەمکرایەوە بەبێ هۆکار، گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوتەوە تەمەنی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی بردوە".

وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسا عێراقییەکان کاردەکات

ئاماژەی بەوەشکردوە،" وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسا عێراقییەکان کاردەکات، سەرجەم راپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی رادەستکراون، لەگەڵ ئەوەشدا لەمساڵدا تەنها سێ جار 200 ملیار دینارەکە نێردراوە".

حکومەتی هەرێم رێکەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ تورکیا هەیە تەنها بۆ گواستنەوەی نەوتەکەیە لە رێگەی بەندەری جیهانەوە

جەختیلەوەشکردەوە،" حکومەتی هەرێم رێکەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ تورکیا هەیە تەنها بۆ گواستنەوەی نەوتەکەیە لە رێگەی بەندەری جیهانەوە، نەک فرۆشتنی نەوتی هەرێم، لەئێستادا حکومەتی هەرێم کار بۆ دروستکردنی دو کۆمپانیا ی نەوتی دەکات، یەکەمیان بەناوی کۆمپانیای (کروک)کە کاری دۆزینەوەی نەوت دەبێت و دوەمیش کۆمپانیای کۆمۆ کە کاری دەرهێنان و بەبازاڕکردنی نەوت دەبێت، ئەمەش ئاخر وەرەقەیە کە پێشکەشی بەغدادمان کردوە".

 هەرێم رۆژانە 400000بۆ 420000 چوارسەد نۆ چوارسەدو بیست هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت

لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنان و نرخی نەوتی هەرێم، جوتیار عادل باسی لەوەکردوە،" هەرێم رۆژانە 400000بۆ 420000 چوارسەد نۆ چوارسەدو بیست هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، 25000 بیست و پێنج هەزار لیتری بۆ پێداویستی ناوخۆیەوە، ئەو بڕە رەوانەی پاڵاوتگەی کاردەکرێت و رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزین و بەرهەمەکانی دیکەی سوتەمەنی بەرهەم دەهێنێت، نرخی نەوتەکەش جیاوازترە لە حکومەتی عێراق، چونکە تێچوی دەرهێنانی نەوتی هەرێم سێ هێندەی نرخی ناوچەکانی دیکەی تێدەچێت بەهۆی کوالێتی و تایبەتمەندیەکانی نەوتەکەوە، هەر سێ مانگ جارێکیش لەو بارەیەوە راپۆرتی خۆمان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".

هیچ بەهەدەردان یان قاچاخچێتییەک لە بەنزیندا نییە وەک ئەوەی باس دەکرێت 

سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی بەنزینیش ئاشکرایکردوە،" حکومەتی هەرێم رێکەوتنێکی لەگەڵ بەغدا هەیە بۆ ناردنی 1500000000ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەڵام ئەم بڕە بەگوێرەی پێویست نایات لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە راگیراوە، لەو کاتەوە تەنها دو جار دەستی بە ناردنی کردوەتەوە، بەڵام هیچ بەهەدەردان یان قاچاخچێتییەک لە بەنزیندا نییە وەک ئەوەی باس دەکرێت هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا هەیە لە کۆی بوارە یاساییەکاندا و رێگریکردن لێی".