هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌ركرده‌یه‌كی ره‌وتی سه‌در؛ موقته‌دا سه‌در ده‌رگای به‌ڕوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان داخستوه‌

05:53 - 16/06/2022

1816جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌ركرده‌یه‌كی ڕه‌وتی سه‌دری ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌دری ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌، له‌ قۆناغی داهاتودا له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی سیاسی كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامبدات به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دۆخی سیاسی یان پاشگه‌زبونه‌وه‌یان له‌بڕیاری كشانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان و پرۆسه‌ی سیاسی.

سه‌ركرده‌یه‌كی ره‌وتی سه‌در به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت به‌ ئاژانسی (بغداد الیوم)ی راگه‌یاندوه‌، موقته‌دا سه‌در ده‌رگای خۆی به‌ڕوی سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كاندا داخستوه‌ و ئاماده‌ نیه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌ قۆناغی داهاتودا له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی كۆببێته‌وه‌، تایبه‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی گفتوگۆبكات.

ده‌رگای گفتوگۆی داخستوه‌ به‌ڕوی هه‌مو هێزه‌ سیاسییه‌كاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك له‌و بڕیاره‌ی به‌ده‌ر بكات

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ره‌وتی سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی ره‌وته‌كه‌یان و چه‌ند كه‌سایه‌تی و هێزێكی سیاسیی عێراق هه‌یه‌، به‌ ئامانجی هه‌ماهه‌نگی بۆ دیداری سه‌در و ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌، به‌ڵام سه‌در ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ و سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانیشی ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌، "ده‌رگای گفتوگۆی داخستوه‌ به‌ڕوی هه‌مو هێزه‌ سیاسییه‌كاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك له‌و بڕیاره‌ی به‌ده‌ر بكات".

هیچ پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ و كشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ناكه‌ن

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ میانی كۆبونه‌وه‌یدا له‌ حه‌نانه‌ ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌ی ئاگاداركردۆته‌وه‌، "هیچ پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ و كشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ناكه‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌یان".

دوای ئه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كه‌ی كرد ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر نوسیبویان، پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكه‌ن، 5ی ئه‌م مانگه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی  سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی سه‌دری په‌سه‌ندكرد.

نیشانەکردن

موقته‌دا سه‌در