لە ئەوروپا هۆشداری لە دوبارە بڵاوبونەوەی نەخۆشی "ئەسپی دڵتەنگ" دەدرێت

12:24 - 11/06/2022

3354جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک بەربڵاوترین نەخۆشی نوێ لەجیهاندا، پسپۆڕانی تەندروستی ئەڵمانیا لەبارەی دوبارە سەرهەڵدانی نەخۆشی بۆرنا هۆشداری دەدەن کە بە نەخۆشی "ئەسپی دڵتەنگ"یش ناسراوە و لەرێگەی پێوەدانی مێشولە یان جۆرێکی قەلەڕەش بەناوی ریڤن بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

حاڵەتێکی نوێی توشبون بە نەخۆشی بۆرنا تۆمارکرا

دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەڵمانیا لەدواین راپۆرتی خۆیاندا کە بۆ حکومەتی بەرلین بەرزیانکردوەتەوە باسی لەوە دەکەن، حاڵەتێکی نوێی توشبون بە نەخۆشی بۆرنا  (ئەسپی دڵتەنگ) لە وڵاتەکەیاندا تۆمارکراوە، کە نەخۆشییەکی کوشندەیە و دەبێتەهۆی هەوکردنی مێشک.

توشبون بەو نەخۆشییە دەگمەنە

نەخۆشی بۆرنا لەناو ئەو ئاژەڵانەدا بەربڵاوە کە پلەی گەرمی خوێنیان لە پلەی گەرمی ژینگەکەیان بەرزترە، هەروەها لەرێگەی پێوەدانی مێشولە یان گواستنەوەی بەهۆی جۆرێکی قەلەڕەش بەناوی ریڤن دەگوازرێتەوە، ئەو نەخۆشییە توشبونی وەک پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن "دەگمەنە" و یەکەمجار سەدەی 19 لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە.

ساڵانە دو حاڵەتی نەخۆشی بۆرنا لە ئەڵمانیا تۆمار دەکرێن

لەماوەی سێ ساڵی رابردودا لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا دو حاڵەتی توشبون بەو نەخۆشییە تۆمارکراون، بەگوێرەی ئامارەکانیش ساڵانە دو حاڵەتی نەخۆشی بۆرنا لە ئەڵمانیا تۆمار دەکرێن، زانایانیش پێیان وایه‌ گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی "پۆرنا" له‌ ڕێگه‌ی لیکی ئاژەڵی توشبو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ژمارەیەک نیشانەی هاوشێوەی نەخۆشی دەرونی و تێکچونی رەفتارییش لە نیشانەکانی توشبون بە نەخۆشییەکەن.

نیشانەکردن

جۆراوجۆر تەندروستی