هەواڵی ئەمڕۆ

په‌رله‌مانتارانی ره‌وتی سه‌در نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ده‌نوسن

08:29 - 10/06/2022

2718جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دوای په‌یامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان نوسی و ره‌وانه‌ی حه‌نانه‌یان كرد.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، ئه‌ندامانی فراكسیۆنی ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مانی عێراق، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان ره‌وانه‌ی حه‌نانه‌ كرد به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌بون له‌به‌رده‌ستی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك بۆ هه‌ر بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان.

ئه‌ركی ئه‌و ئه‌نجامدانی چاكسازیی و پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتیمانییه‌

 
دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، ئه‌ركی ئه‌و ئه‌نجامدانی چاكسازیی و پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتیمانییه‌، به‌ڵام "پڕوپاگه‌نده‌كاران له‌ به‌ڵێنه‌كانیان پاشگه‌زبونه‌ته‌وه‌" و چه‌قبه‌ستویی سیاسی به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ناڕوات، بۆیه‌ داوا له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كه‌ی ده‌كات نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ بكه‌ن.

ره‌وتی سه‌در بۆیه‌كه‌مجار 73 (حەفتا و سێ) كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستبهێنێت

ره‌وتی سه‌در له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 10ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ساڵی رابردو توانی بۆیه‌كه‌مجار 73 (حەفتا و سێ) كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستبهێنێت و خۆی وه‌ك گه‌وره‌ترین كوتله‌ وه‌سفكرد، پاشانیش له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانێتی سیاده‌ی سوننه‌كان، هاوپه‌یمانێتیه‌كی پێكهێنا، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ 50+1ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.

نیشانەکردن

موقته‌دا سه‌در