خه‌ندان ورده‌كاری دۆسیه‌ی تاوانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر زاری شایه‌تحاڵێك، پۆلیس و پزیشكی دادی بڵاوده‌كاته‌وه‌

07:07 - 09/06/2022

15075جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ته‌رمی هاوڵاتیه‌كی ته‌مه‌ن 45 ساڵ دوای نزیكه‌ی دو هه‌فته‌ له‌ رفاندنی، لە ناحیەی تەكیەی سنوری پارێزگای سلێمانی به‌خنكێندراوی دۆزرایه‌وه‌ و شایه‌تحاڵێكیش، "زاواكه‌یان كه‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵه‌ تۆمه‌تبارده‌كات به‌كوشتنی خه‌زوری"، پزیشكی دادیش سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 رۆژه‌ ته‌رمه‌كه‌ له‌ پزیشكی دادیه‌ و توێكاری بۆ ئه‌نجامده‌درێت، هاوكات وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانیش ده‌ڵێت، "په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌و روداوه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباریش له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌ستگیركراون".

شایه‌تحاڵێكی نزیك له‌ قوربانیه‌كه‌ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ماوه‌ی سێ ساڵه‌ خێزانی (ج، ح) كه‌ نیشته‌جێی ناحیه‌ی ته‌كیه‌ن له‌سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سێك به‌ناوی (ه) هه‌یه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كه‌ش بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تۆمه‌تبار (ه) كچێكیانی ماره‌ كردوه‌ و دوای چوار رۆژ له‌گواستنه‌وه‌ی، خێزانی (ج، ح) بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ (ه)ی زاوایان دۆخی ده‌رونی ته‌واو نییه‌ و پێشینه‌ی له‌چه‌ندین شه‌ڕ و تاواندا هه‌یه‌، بۆیه‌ كچه‌كه‌یان لێوه‌رگرتوه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ زاواكه‌یان ماوه‌ی دو ساڵه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ماڵی خه‌زوری ده‌كات و داواده‌كات كچه‌كه‌ی پێبده‌نه‌وه‌، له‌ دادگاش كچه‌كه‌ ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لای هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆخی ده‌رونی جێگیر نییه‌".

مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ زاواكه‌یان ته‌قه‌ی له‌ماڵی خه‌زوری كردوه‌ و برایه‌كی هاوسه‌ره‌كه‌ی برینداركردوه‌

ئه‌و شایه‌تحاڵه‌ باسی له‌وه‌شكرد، "مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ زاواكه‌یان ته‌قه‌ی له‌ماڵی خه‌زوری كردوه‌ و برایه‌كی هاوسه‌ره‌كه‌ی برینداركردوه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ خێزانی (ج، ح) له‌ ترسی گیانی خۆیان و دوربون له‌شه‌ڕ و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناحیه‌ی ته‌كیه‌وه‌ ماڵه‌كه‌یان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام زاواكه‌یان به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردون و چه‌ندینجاریش ته‌له‌فۆنی بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی كردوه‌ كه‌ تا ئێستا به‌ده‌می خۆی ته‌ڵاقی نه‌داوه‌ پێیوتوه‌، باوك و برایه‌كت هه‌یه‌ و ده‌یانكوژم و تۆ ده‌ڕفێنم".

ماوه‌ی نزیكه‌ی دو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر (ج، ح) كه‌ ته‌مه‌نی 45 ساڵه‌ بێسه‌روشوێن بوه‌

به‌وته‌ی ئه‌و شایه‌تحاڵه‌، "ماوه‌ی نزیكه‌ی دو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر (ج، ح) كه‌ ته‌مه‌نی 45 ساڵه‌ بێسه‌روشوێن بوه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوشدا له‌لایه‌ن پۆلیسی سلێمانیه‌وه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ناو زبڵدانێكدا له‌سنوری ناحیه‌ی ته‌كیه‌ به‌خنكێندراوی دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ حه‌بلێكیش به‌ملیه‌وه‌ بوه‌".

له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر زاواكه‌یان تۆماركردوه‌

ئه‌و شایه‌تحاڵه‌ كه‌ كه‌سی نزیكی كوژراوه‌كه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر زاواكه‌یان تۆماركردوه‌، له‌ئێستاشدا ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار كه‌ تێوه‌گلاون له‌و تاوانه‌ و كوشتنی ئه‌و هاوڵاتیه‌ ده‌ستگیركراون، یه‌كێك له‌وانه‌ش زاواكه‌یانه‌، "تا ئێستاش ته‌رمه‌كه‌ی له‌ پزیشكی دادی سلێمانیه‌ و وه‌رمان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌".

ماوه‌ی دو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ته‌رمێك دۆزراوه‌ته‌وه‌، دوای توێكاریش بۆ ته‌رمه‌كه‌ وه‌ڵامی دادگا دراوه‌ته‌وه‌

بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌، خه‌ندان په‌یوه‌ندی به‌ د. به‌رزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی پزیشكی دادی سلێمانیه‌وه‌ كرد و ناوبراو رایگه‌یاند، "ماوه‌ی دو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ته‌رمێك دۆزراوه‌ته‌وه‌، دوای توێكاریش بۆ ته‌رمه‌كه‌ وه‌ڵامی دادگا دراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌هۆی به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگاوه‌، ته‌رمه‌كه‌ راده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌ی نه‌كراوه‌ته‌وه‌".

د. به‌رزان محه‌مه‌د له‌به‌ر هه‌ستیاری دۆسیه‌كه‌ و به‌رده‌وامی ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌، ئاماده‌ نه‌بو هیچ زانیاریه‌كی زیاتر له‌باره‌ی روداوه‌كه‌ و چۆنیه‌تی كوشتنی (ج، ح)ی ته‌مه‌ن 45 ساڵ بخاته‌ڕو.

3 (سێ) تۆمه‌تبار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كوشتنی (ج، ح) ده‌ستگیركراون

به‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌، 3 (سێ) تۆمه‌تبار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كوشتنی (ج، ح) ده‌ستگیركراون و له‌لایه‌ن دادگاوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام تا ئێستا ته‌نها وته‌یان لێوه‌رگیراوه‌.

نزیكه‌ی دو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر تاوانه‌كه‌ رویداوه‌، ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباریش له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌ستگیركراون

هاوكات سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ لێدوانێكدا بۆ خه‌ندان، روداوی كوشتنی (ج، ح)ی پشتڕاستكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "نزیكه‌ی دو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر تاوانه‌كه‌ رویداوه‌، ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباریش له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌ستگیركراون، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ روداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ته‌كیه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجامی كۆتایی، ناتوانین هه‌مو زانیاریه‌ك له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ بخه‌ینه‌ڕو".

روداوی كوشتنی كه‌سوكاری یه‌كتر به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش شه‌ڕی نێوان زاوا و ماڵی خه‌زور ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان روی له‌زیادبون كردوه‌، دواین روداویش كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه‌، رۆژی 2ی (ئایار/5)ی ئه‌مساڵ بو كه‌ هاوكات بو له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا، تۆمه‌تبارێك 5 (پێنج) كه‌سی خێزانێكی ماڵی خه‌زوری كوشت و 2 (دو) كه‌سی دیكه‌شی برینداركرد، پاش چه‌ند كاتژمێرێكیش له‌و روداوه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.