موقته‌دا سه‌در داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ چاودێریكردنی یاسای ئاسایشی خۆراك ده‌كات

08:50 - 08/06/2022

1271جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌په‌یامێكدا داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی عێراقی كرد، بۆ چاودێریكردنی جێبه‌جێكردنی یاسای ئاسایشی خۆراك و رایگه‌یاند، نیگه‌رانین له‌سه‌ر هه‌ژمونی گه‌نده‌ڵكاران له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌.

موقته‌دا سه‌در له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "په‌سه‌ندكردنی یاسای ئاسایشی خۆراك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ی به‌ره‌ی چاكسازیه‌، بۆ هه‌مو لایه‌ك دوباره‌ سه‌لمێندرا كه‌ هێزی بێوێنه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌راورد به‌ ساڵانی رابردو وێنه‌ی نه‌بوه‌".

نیگه‌رانین له‌سه‌ر هه‌ژمونی گه‌نده‌ڵكارانی بۆسه‌ر ئه‌م یاسایه‌ و جێبه‌جێكردنی

وتیشی، "نیگه‌رانین له‌سه‌ر هه‌ژمونی گه‌نده‌ڵكارانی بۆسه‌ر ئه‌م یاسایه‌ و جێبه‌جێكردنی، نابێت چاوپۆشی له‌وه‌ بكرێت و بۆئه‌وه‌ش كوتله‌ی سه‌در له‌ئێستادا له‌ په‌رله‌مان و له‌كابینه‌ی وزاری حكومه‌تیش ئاماده‌یی هه‌یه‌".

لێره‌وه‌ پێشنیازی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی چاودێری په‌رله‌مانی و یه‌كێك له‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌ند و په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌م

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لێره‌وه‌ پێشنیازی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی چاودێری په‌رله‌مانی و یه‌كێك له‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌ند و په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌م بۆ رێگریكردن له‌ ساخته‌كاری و گه‌نده‌ڵی له‌ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی یاسای ئاسایشی خۆراك، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دیسان پاروی گه‌ل له‌ده‌ستده‌چێت، من نه‌رم و نیان نابم له‌ ئاشكراكردنی هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ خۆی ده‌پاڕێته‌وه‌ ده‌ستكاری خواردنی خه‌ڵك بكات".

له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، به‌ كۆی ده‌نگی 257 (دوسه‌د و په‌نجاو حه‌وت) ئه‌ندام، پرۆژه‌یاسای ئاسایشی خۆراك په‌سه‌ندكرا.

الصورة

نیشانەکردن

موقته‌دا سه‌در