تورکیا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی باڵیۆزی یۆنان بانگهێشت دەکات

08:52 - 04/06/2022

3454جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دوای ئەوەی حکومەتی یۆنان مۆڵەتی داوە بە ژمارەیەک لایەنگری سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە ئەسینا خۆپیشاندان بکەن، رۆژی هەینی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی باڵیۆزی ئەو وڵاتەیان لە ئەنقەرە بانگهێشت کردوە.

یۆنان کارئاسانی بۆ چالاکی رێکخراوە تیرۆرستییەکان دەکات
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ شەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی یۆنان و کارئاسانیکردن بۆ چالاکی "رێکخراوە تیرۆرستییەکان"،  باڵیۆزی یۆنان لە ئەنقەرە بانگهێشت کراوە و نامەی ناڕەزایی پێدراوە.
مۆڵەتی داوە بە خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەر بە (پەکەکە) 
ئەوەش هاتوە، هۆکارەکەش ئەوەیە یۆنان مۆڵەتی داوە بە ژمارەیەک لایەنگری سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئەسینا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و حکومەتی ئەو وڵاتەش ئاسایشی بۆ دابینکردون.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندبو، وڵاتەکەیان هەڵەکانی ساڵی 1980 دوبارە ناکاتەوە کە پشتیوانی لە یۆنان کرد بۆ ئەوەی بێتەناو ناتۆوە و دواتریش ئەو وڵاتە لە بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر تورکیا پاشگەزبوەتەوە، بۆیە  تا ئەو کاتەی ئەو سەرۆک کۆماری تورکیا بێت، رەزامەندی نادات لەسەر بە ئەندامبونی هەر وڵاتێک لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەگەر ئەو وڵاتە "پشتیوانی لە تیرۆر" بکات.

نیشانەکردن

تورکیا یۆنان