راپۆرتە نوێیەکان لەبارەی تەندروستی پوتین: شێرپەنجەی هەیە و لەژێر چارەسەردایە

02:57 - 24/05/2022

57649جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەندامێکی پێشوی هەواڵگری بریتانیا دەڵێت، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دوچاری نەخۆشییەکی ترسناک بوە، لەئێستادا چواردەوری بە پزیشک دراوە و لەکاتی کۆبونەوەکاندا بۆ ماوەیەک پشو وەردەگرێت.

 ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا دوچاری نەخۆشییەکی ترسناک هاتوە

کریستۆڤەر ستیل، ئەندامی پێشوی هەواڵگری بریتانیا رایگەیاندوە،" ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا دوچاری نەخۆشییەکی ترسناک هاتوە، پزیشکەکانی بەردەوام چاودێری دەکەن، ناتوانێت بەشداری لە کۆبونەوە سیاسییەکانی بکات، بەبێ ئەوەی لەنێوەندەکانیدا نەوەستێت و چارەسەری سروشتی بۆ نەکرێت، بەردەوامیش تیمە پزیشکییەکەی یاوەری دەکەن.

کاتی کۆبونەوەکان بۆ چەند بەشێک دابەشدەکرێت

باسی لەوەشکردوە،"  لەکاتی بەڕێوەچونی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، کە پێویستە یەک کاتژمێری تەواو بێت، دابەش دەکرێت بەسەر چەند بەشێکدا و لەناوبڕەکاندا چارەسەری سروشتی وەردەگرێت".

 هەرچەندە نازانم جۆری نەخۆشییەکەی پوتین چییە، بەڵام کاریگەری خراپی لەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکە دەبێت لەم کاتەدا

رونیشیکردوەتەوە،" هەرچەندە نازانم جۆری نەخۆشییەکەی پوتین چییە، بەڵام کاریگەری خراپی لەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکە دەبێت لەم کاتەدا، بەتایبەت لە کۆشکی کرملین ئاژاوە زیاددەکات چونکە سەرکردەیەکی سیاسی دیاریکراو نییە  لەبری پوتین و پەیکەری سەرکردایەتیش وەک پێویست لەکاردا نییە".

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دوچاری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوە

لای خۆشییەوە، رۆژنامەی زە تایمزی بریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دوچاری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوە، بە ماوەیەکی کورتیش لە دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئۆکرانیا نەشتەرگەریەکی پشتی بۆ ئەنجامدراوە.

گومان دەکەم سەرۆک "شێت بوبێت"

هاوکات گۆڤاری نیولاینزی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، یەکێک لە کەسایەتییە دەوڵەمەندەکانی روسیا کە لە کرملینەوە نزیکە، لە تۆمارێکدا کە گفتوگۆ لەگەڵ وەبەرهێنێکی رۆژئاوایی کردوە لە مانگی ئازاری رابرودا وتویەتی" گومان دەکەم سەرۆک "شێت بوبێت"، لە مۆسکۆ نارەزایەتییەکی زۆر بەهۆی دۆخی ئابوریەوە دروستبوە، ئەو ئابوری روسیا و ئۆکرانیا و زۆرێک لە ئابوریەکانی دیکە دەڕوخێنێت، ئەو کێشە لە سەریدا هەیە، هەموان هیوای مردن بۆ پوتین دەخوازین".

لە کاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی زیادەڕەو خۆپارێزی کردوە

لەبارەی هەمان پرسەوە، دەرهێنەری ئەمریکی ئۆلیڤەر ستۆن، کە بە شارەزای تایبەتمەندییەکانی پوتین ناسراوە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ لێکس فریدمان پسپۆڕی ئەمریکی-روسی ئەنجامیدابو رایگەیاندوە، سەرۆکی روسیا لەماوەی رابردودا دوچاری نەخۆشی شێرپەنجە بوەتەوە، لە کاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی زیادەڕەو خۆپارێزی کردوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە مەترسی لەسەر کەسانی نەخۆش زیاترە بەراورد بە کەسانی ئاسایی.

ئەو پیاوەی من دەیناسم پەیوەندی بەو پیاوە شێتە نابەرپرسیار و بکوژەوە نییە کە ئێستا راگەیاندنەکان بە هیتلەر و ستالین بەراوردی دەکەن

هەر لەو چاوپێکەوتنەشدا وتویەتی،" ماوەی سێ ساڵە پوتینم نەدیوە، ئەو پیاوەی من دەیناسم پەیوەندی بەو پیاوە شێتە نابەرپرسیار و بکوژەوە نییە کە ئێستا راگەیاندنەکان بە هیتلەر و ستالین بەراوردی دەکەن، ئەو پوتینەی من دەیناسم کەسێکی هێمن و عەقڵانییە، هەمیشە لە بەرژەوەندی گەل مامەڵە دەکات، ئەو کوڕی راستەقینەی روسیای نیشتیمانییە".

 لەسەرەتای ئەمساڵ و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا جارێکی دیکە زیادیان  کردوە

بونی دەنگۆی نەخۆشییە مەترسیدارەکەی پوتین لەساڵی 2012ەوە چەندین جار بڵاوبوەتەوە، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵ و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا جارێکی دیکە زیادیان  کردوە.

لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا لەمیانەی پێشوازیکردنی لە ئەلیکساندەر لۆکاچینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا بەشێوەیەکی زۆر دەلەرزی  و نەیدەتوانی کۆنتڕۆڵی خۆی بکات

دەنگۆی نەخۆشکەوتنی پوتین بە نەخۆشیەکی ترسناک تەنها لە لێدوانی رۆژنامەنوس و بەرپرسە رۆژئاواییەکان نیە، بەڵکو لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا لەمیانەی پێشوازیکردنی لە ئەلیکساندەر لۆکاچینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا بەشێوەیەکی زۆر دەلەرزی  و نەیدەتوانی کۆنتڕۆڵی خۆی بکات.

هاوکات لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کە لەمانگی رابردودا تۆمارکراوە لەکاتی کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ سێرگی چویگۆ وەزیری بەرگری ولاتەکەی، پوتین بەشێوەیەک دەردەکەوێت کە دەستی بە سوچی مێزەکەیەوە گرتوە و نائاسودەیی پێوەدیارە .

ئەمساڵ لە میانەی بەشداریکردنی لە مەراسیمی رۆژی سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەتانی بە قاچیدا دابو

جگە لەوەی لە رابردودا پوتین بە مەلەوانی ئاوە ساردەکان ناسرابو، بەڵام ئەمساڵ لە میانەی بەشداریکردنی لە مەراسیمی رۆژی سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەتانی بە قاچیدا دابو.

هەتا ئێستا کۆشکی کرملین بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە

لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی تەندروستی سەرۆکە تەمەن 69 ساڵانەکەی روسیاوە هەن، هەتا ئێستا کۆشکی کرملین بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە، تا ئەو کاتەی ئەوانیش قسەی خۆیان لەبارەیەوە دەبێت هیچ کەس بە دڵنیایی زانیاری لەبارەی ئەو پرسەوە نازانێت.