کۆمپانیای گوگڵ زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی بە فەرمی زیادکرد

02:12 - 20/05/2022

2803جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بۆکان جاف بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆمپانیای گوگڵ زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە تاقیکاریەوە کرد بە فەرمی بۆ بەشی وێبسایت و ئاپی گوگڵ.

کۆمپانیای گوگڵ زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە تاقیکاریەوە کرد بە فەرمی

ئەمڕۆ هەینی، بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە،"  کۆمپانیای گوگڵ زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە تاقیکاریەوە کرد بە فەرمی بۆ بەشی وێبسایت، و ئەپی گوگڵ، پیرۆزە لە هەمو گەلی کورد".

ماوەی دومانگە لەگەڵ دو ئەندازیاری گوگڵ کاردەکات بۆ ئەوەی سیستەمی دەنگی کوردی بۆ سیستمی دەنگی خزمەتگوزاری وەرگێڕانی گوگڵ زیاد بکرێت

 پێشتر بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاندبو،"ماوەی دومانگە لەگەڵ دو ئەندازیاری گوگڵ کاردەکات بۆ ئەوەی سیستەمی دەنگی کوردی بۆ سیستمی دەنگی خزمەتگوزاری وەرگێڕانی گوگڵ زیاد بکرێت، ئەوەش هەنگاوێکی گەورەیە دوای ئەوەی زمانی کوردی (سۆرانی) لە کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرس بەفەرمی کەوتەکار".

سیستمی زیادکردنی دەنگ هاوشێوەی وەرگێڕانی گوگڵە کە پێویست دەکات لەسەرەتادا وشەکان بەدەنگ لەسەر سیستمێکی رۆبۆتی وەرگێڕان جێگیر بکرێن

پەیوەست بە چۆنیەتی کاراکردنی سیستمی دەنگیش بۆ خزمەتگوزاری وەرگێڕانی گوگڵ بۆکان جاف وتبوی،"سیستمی زیادکردنی دەنگ هاوشێوەی وەرگێڕانی گوگڵە کە پێویست دەکات لەسەرەتادا وشەکان بەدەنگ لەسەر سیستمێکی رۆبۆتی وەرگێڕان جێگیر بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانرێت وشەکان بە کوردی و هاوتاکانیان بە زمانەکانی دیکە جیهان بخوێنێتەوە و شیکردنەوەیان بۆ بکات".

کۆمپانیای گوگڵ پێشوتر زمانی کوردی (کورمانجی) بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادکردبو

کۆمپانیای گوگڵ پێشوتر زمانی کوردی (کورمانجی) بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادکردبو، لەئێستاشدا  زمانی کوردی زاراوەی سۆرانیی زیاد کراوە و بەردەست دەبێت بۆ بەکارهێنەران کە وەک لە ئامارەکەی گۆگڵدا ئاماژەی پێکراوە زیاتر لە 8000000 (هەشت ملیۆن) کەس بە زمانی کوردی زاراوەی سۆرانیی قسە دەکەن.