خەندان وردەکاری هەڵدانەوەی گۆڕی لیا بڵاودەکاتەوە

01:33 - 20/05/2022

10982جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەرمی لیا عەلی، ئەو منداڵە تەمەن 10ساڵانەیەی بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە مردنی راگەیەندرا، لە گۆڕەکەی دەربهێنرێتەوە و پشکنینی بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ خێزانەکەی لیا پەیوەندیان پێوەکردین و پێیان راگەیاندین کە گۆڕی لیا هەڵدەدرێتەوە

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بە خەندانی راگەیاند،" ئەمڕۆ خێزانەکەی لیا پەیوەندیان پێوەکردین و پێیان راگەیاندین کە گۆڕی لیا هەڵدەدرێتەوە و داوایان لێکردین ئێمەش لەو کاتەدا لەوێ ئامادەبین".

هەڵدانەوەی گۆڕەکە لەسەر داوای ئێمە نەبوە

رونیشیکردەوە،" هەڵدانەوەی گۆڕەکە لەسەر داوای ئێمە نەبوە و لەسەر داوای دادوەر خۆی بوە، ئێمە تەنها ئەوەندەی لەسەرمان بوە چوینەتە شوێنەکە قسەمان لەگەڵ خێزانەکەی کردوە و گرتە ڤیدیۆکانمان بینیوە، ئەوەی دیکەی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".

 بۆ زانیاری زیاتر کامێرەی چاودێریەکان براوەتە بەردەم دادوەر بۆ بەدواداچون وسەرجەم وێنەو بەڵگەکان پارێزراوە

دوێنێ پێنجشەممە، ژیار جەلال لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، بۆ زانیاری زیاتر کامێرەی چاودێریەکان براوەتە بەردەم دادوەر بۆ بەدواداچون وسەرجەم وێنەو بەڵگەکان پارێزراوە، ھەردو خێزانی روداوەکەیان لێبەسەر ھاتوە کارەساتبارن و لە دۆخێکی قورسدان تکایە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی پێویستە خەمەکەیان قوڵتر نەکەین و بۆ ھەر روداوێک چاوەرێی کاری یاسای و ئیداری و بریارو دەرئەنجامی راست و دروستبن کە دادوەرو دادگا بریاری لەسەر دەدەن.

 

پێشتریش عەلی بەچە، باوکی لیای تەمەن 10 ساڵ کەبەهۆی پەلاماردانی سەگەوە مرد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" رۆژی دوشەممە، کچەکەم کاتژمێر 2:40 خولەک لەماڵ دەرچوبو، ئێمەش دەستمان کرد بە گەڕان بەدوایدا، تا کەمێک گەڕاین بە گەڕەکەکەدا کەمێک دواکەوتین، دواتر گەڕاینەوە بۆ لای ئەو ماڵەی دراوسێمان کە ژمارەیەک سەگیان هەبو".

رونیشیکردەوە،" ئەو ماڵەی داروسێمان سێ سەگی پاسەوانی راهێنراویان هەیە، لە قەفەزی تایبەدا دایانناون، بەڵام کچەکەم  خۆی نەخۆشییەکی دەرونی هەبو، بەسەر تەلەکاندا هەڵگەڕاوە و چوبوە لایان بۆ ئەوەی یاریان لەگەڵ بکات".
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بینومە، کە منداڵەکە بە قەفەزەکەدا سەردەکەوێت و پەلاماری دەدەن.

جەختیلەوەشکردەوە،"لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بینومە، کە منداڵەکە بە قەفەزەکەدا سەردەکەوێت و پەلاماری دەدەن، بەڵام خۆم کە گەیشتم تەنها فریای ئەوە کەوتم بە پاسەوانەکە بڵێم یارمەتیم بدات کە لەژێر دەستیان دەری بهێنین، بەڵام کە دەرمان هێنا پارچە پارچەیان کردبو، بەکەڵکی ئەوە نەمابو بیشیبەینە نەخۆشخانە، تەنانەت حەزم نەکرد دایکیشی بەو شێوەیە بیبینێت".

ئاشکراشیکرد،" داوای یاساییمان لەسەر ئەو ماڵە تۆمارنەکردوە، چونکە زۆر لە ئێمە پەرێشانتر بون بەو روداوە، و هەر دوای روداوەکە سەگەکانیشیان کوشتبو، دڵنیاشین هیچ کەسێک حەز ناکات روداوی لەو شێوەیە روبدات".