دادگای فیدڕاڵی لەبارەی خوێندنی پارارێڵ بڕیاردەدات

01:11 - 20/05/2022

5602جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بڕیارە هەفتەی داهاتو دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر داوایەکی پەرلەمانتارێکی کورد، سەبارەت بە دەستوریبونی خوێندنی پارارێل لە هەرێمی کوردستان یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجامبدات.

یەکەمین دانیشتنی دادگا سەبارەت بە دەستوریبونی بڕیاری ژمارە  62، بڕگەی شەشەم، کە لە 2-5-2016دەرچوە ، بەڕێوەدەچێت

بەگوێرەی نوسراوێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتوە،" رۆژی دوشەممە 23-5-2022، لەسەر داوای سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، یەکەمین دانیشتنی دادگا سەبارەت بە دەستوریبونی بڕیاری ژمارە  62، بڕگەی شەشەم، کە لە 2-5-2016دەرچوە ، بەڕێوەدەچێت".

 داواکە لە دژی هەریەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری دارایی و ئابوری بەرزکراوەتەوە

هەر بە گوێرەی نوسراوەکە، داواکە لە دژی هەریەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری دارایی و ئابوری بەرزکراوەتەوە.

بڕیاری ژمارە 62 ئەنجومەنی وەزیران پەیوەستە بە خوێندنی پارارێل لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم

بڕیاری ژمارە 62 ئەنجومەنی وەزیران پەیوەستە بە خوێندنی پارارێل لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم بۆ ئەو دەرچوانەی قۆناغی 12ی ئامادەیی کە ناتوانن نمرەی پێویست بۆ ئەو بەشە بەدەستبهێنن کە دەیانەوێت لێی درێژە بە خوێندن بدەن.

ئەمە لەکاتێدایە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە 15ی شوبات/2ی 2022 لە بارەی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاریدا کە نادەستورییە و پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندی رێکەوتنەکان بێت و داهاتەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات.