بەهۆی دواکەوتنی رادەستکردنی نەوتی هەرێم داوای سزادانی وەزیری نەوتی عێراق دەکرێت

12:17 - 20/05/2022

5696جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پەرلەمانتارێکی عێراق داوایەکی یاسایی لە دژی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق بەرزدەکاتەوە، لەبەرامبەر دواخستنی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە رادەستکردنی نەوتی خاوی هەرێم.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، سەرکەوتو نەبوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق

بەگوێرەی نوسراوێک، کە واژۆی هادی سەلامی، پەرلەمانتاری عێراقی لەسەرە و ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کردوە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، سەرکەوتو نەبوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق و ئاگادارکردنەوەی بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە شێوەیەکی فەرمی دەرنەکردوە، بۆ رادەستکردنی نەوتی خاوی هەرێم، ئەمەش تاوانێکی بەمەبەستە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاکە".

ئەوەی وەزیری نەوت کردویەتی، بەگوێرەی ماددەی (329)، جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگایە بە شێوەی بەمەبەست

رونیشیکردوەتەوە،" ئەوەی وەزیری نەوت کردویەتی، بەگوێرەی ماددەی (329)، جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگایە بە شێوەی بەمەبەست و  زیانگەیاندنە بە دارایی وڵات بە شێوەیەکی بەمەبەست بەگوێرەی ماددەی(340) ئەمە وەک تاوان سەیر دەکرێت".

داوای یاسایی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی ئەو وەزیرە و فەرمانبەرانی وەزارەتەکە بگیرێتە بەر

هاوکات لە نوسراوەکەدا داواکراوە،" داوای یاسایی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی ئەو وەزیرە و فەرمانبەرانی وەزارەتەکە بگیرێتە بەر، بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامان و پارەی گەل و بەگوێرەی دەقەکانی دەستور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی".

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە 15ی شوبات/2ی 2022 لە بارەی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاریدا کە نادەستورییە و پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندی رێکەوتنەکان بێت و داهاتەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات. 
هاوکات، دواشی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی کرد چاودێری سەرجەم گرێبەست و وردەکارییەکانی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم بن.