بۆ یەکەمجار جۆ بایدن و محەمەد بن سەلمان کۆدەبنەوە

10:20 - 20/05/2022

1931جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سایتی CNNئەمریکی رایگەیاند، بڕیارە لە مانگی داهاتودا بۆ یەکەمجار دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن چاوی بە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بکەوێت.

بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ رێکخستنی کۆبونەوەی ناوبراو لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودی

ئەمڕۆ هەینی سایتی CNNی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە،" لەئێستادا بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ رێکخستنی کۆبونەوەی ناوبراو لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، لەمانگی داهاتودا لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە گەشتەی بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەنجامی دەدات.

کۆبونەوەکەی بایدن و سەلمان لە پەراوێزی کۆبونەوەی ئەنجومەنەکە لە ریاز ئەنجامدەدرێت

هاوکات لە زاری بەرپرسانی سعودیەشەوە ئاشکرایکردوە،" لەبەرئەوەی سعودیە لەئێستادا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەکات، کۆبونەوەکەی بایدن و سەلمان لە پەراوێزی کۆبونەوەی ئەنجومەنەکە لە ریاز ئەنجامدەدرێت".

 کەیسی راوێژکاری پێشوی ئاسایشی سعودیە سەعد جەبری، بەشێک لە ئەجێندای کۆبونەوەکە دەبێت

ئاشکراشیکردوە،" کەیسی راوێژکاری پێشوی ئاسایشی سعودیە سەعد جەبری، بەشێک لە ئەجێندای کۆبونەوەکە دەبێت، هەرچەندە رەنگە لەروی واقعییەوە کۆبونەوەکە رۆتینی دەبێت، بەڵام کاریگەریەکی باشی دەبێت بەتایبەت دوای ئەوەی لەماوەی رابردودا ساردییەک لە پەیوەندی هەرولادا دروست بو، بەتایبەت دوای ئەوەی جۆ بایدن رەخنەی لە وڵاتەکەکرد لەروی مافەکانی مرۆڤ، شەڕی یەمەن، کەیسی کوشتنی جەمال خاشقچی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە".

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە، لەلای جۆ بایدن مانای نا ئاسودەییە

هەر لە راپۆرتەکەی CNN باس لەوەکراوە،" ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە، لەلای جۆ بایدن مانای نا ئاسودەییە، گەیشتن بە هاوسەنگی کارێکی قورسە بەتایبەت کە لە رابردودا چەندین جار رەخنەی ئەوەی لە دۆناڵد ترەمپ گرتبو کە پەیوەنییەکانی لەگەڵ پیاوە بەهێزەکانی جیهان و دیکتاتۆرەکان لەناویشیاندا بن سەلمان توندوتۆڵن.