بایدن: سوید و فینلاند ته‌واوی مه‌رجه‌كانی بون به‌ ئه‌ندمبونیان له‌ ناتۆ تێدایه‌

06:57 - 19/05/2022

2140جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، داواكرییه‌كانی هه‌ریه‌كە له‌ سوید و فینلاند بۆ بون به‌ ئه‌ندام له‌ رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" له‌گه‌ڵ مه‌رج و رێنماییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌دا دێنه‌وه‌ و پشتگیری ته‌واوی واشنتنیشی بۆ ئەو دو وڵاتە دوپاتكرده‌وه‌. 

داخوازینامه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ سوید و فینلاند به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ته‌واوی رێنمایی و مه‌رجه‌كانی بون به‌ ئه‌ندام له‌ ناتۆ دێنه‌وه‌
جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆشكی سپی ئه‌مریكا و كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوتا فینلاندییه‌كه‌ی ساولی نینستا و ماگدڵینا ئێندرسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید رایگه‌یاند، داخوازینامه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ سوید و فینلاند به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ته‌واوی رێنمایی و مه‌رجه‌كانی بون به‌ ئه‌ندام له‌ ناتۆ دا دێنه‌وه‌ و پشتگیری ته‌واویشیان لێده‌كه‌ن.
رێكخراوی ناتۆ ته‌واوی ئه‌و هۆكارانه‌ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش پارێزگاری له‌ ئه‌ندامه‌كانی بكات
وتیشی، "ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ده‌رباره‌ی داهاتوه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌و راستییه‌ی كه‌ رێكخراوی ناتۆ ته‌واوی ئه‌و هۆكارانه‌ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش پارێزگاری له‌ ئه‌ندامه‌كانی بكات و به‌ به‌هایه‌كی ماناداره‌وه‌ جیهان ئاڕاسته‌ بكات".
به‌ ئه‌ندامبونی سوید و فینلاند رێكخراوی ناتۆ به‌هێزتر ده‌كات
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "به‌ ئه‌ندامبونی سوید و فینلاند رێكخراوی ناتۆ به‌هێزتر ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌واوی سنوره‌كانی ناتۆش به‌هێزتر و فراوانتر ده‌كات، له‌گه‌ل هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی فینلاند و سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌لمان له‌و باره‌یه‌وه‌ كرد و جه‌نگی ئۆكرانیا و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی باڵتیكیش به‌شێكیدیكه‌ش بون له‌ گفتوگۆكانمان".
به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئه‌مریكا پشتگیری ته‌واو له‌ به‌ ئه‌ندامبونی ئه‌و دو وڵاته‌ له‌ ناتۆ ده‌كات
جۆو بایدن جه‌ختی له‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سوید و فینلاند له‌م باره‌یه‌وه‌ گفتوگۆده‌كه‌ین و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌كیش ئه‌مریكا پشتگیری ته‌واو له‌ به‌ ئه‌ندامبونی ئه‌و دو وڵاته‌ له‌ ناتۆ ده‌كات".