خه‌ندان-
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی عه‌ممار جبوری له پۆستی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین ده‌ربڕی، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ره‌های ئه‌ندامان بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی په‌سه‌ندكرد.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی په‌رله‌مان، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراقدا، به‌زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌له‌مان عه‌ممار جبوری له‌پۆستی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین دورخراوه‌ته‌وه و هۆكاره‌كه‌شی بۆئه‌وه بۆ خراپ به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاكه و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پێشتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیبو، له‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی عه‌ممار جبوری له‌پۆستی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه باسی له‌وه‌شكرد، پێشتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیبو، له‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی عه‌ممار جبوری له‌پۆستی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین و دواتریش به‌نوسراوێك ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كردبو.
عه‌ممار جبوری تائێستاش وه‌ك پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین ئه‌ركه ئیدارییه‌كانی خۆی جێبه‌جێده‌كات
له‌لای خۆیه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له پارێزگاری له‌كارلادراوی سه‌ڵاحه‌دین رایگه‌یاندوه، عه‌ممار جبوری تائێستاش وه‌ك پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین ئه‌ركه ئیدارییه‌كانی خۆی جێبه‌جێده‌كات، دوای گه‌یشتنی فه‌رمانی كارگێڕی كه ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌خۆده‌گرێت بۆ ده‌ركردنی، ئه‌ركه‌كانی ڕاده‌ستی نوێنه‌ره‌كه‌ی ده‌كات.