هەواڵی ئەمڕۆ

بافڵ جەلال تاڵەبانی: خەونی هاوبەش و لەمێژینەی مامجەلال و كاك نەوشیروان حوكمڕانییەكی تەندروست بو

02:38 - 19/05/2022

1575جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا رایگه‌یاند، خەونی هاوبەش و لەمێژینەی هەردو هاوڕێ و هاوخەبات سەرۆك مامجەلال و كاك نەوشیروان، دەستەبەركردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە و حوكمڕانییەكی تەندروست بو بۆ خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەرك و بەرپرسیارێتی ئێمەیە بەشوێنپێی ئەواندا لە هەوڵ و تێكۆشان بەردەوامبین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵەوە یادی کۆچی دوایی سەرکردەیەکی مەزنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، سیاسییەکی بەئەزمون، نوسەر و رۆژنامەنوسێکی گەورەی کوردستان دەکەینەوە".

ژیان و خەباتی کاک نەوشیروان مستەفا بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا بە زیندویی دەمێنێتەوە 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ژیان و خەباتی کاک نەوشیروان مستەفا لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی خەڵکی کوردستان بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا بە زیندویی دەمێنێتەوە و سەری ڕێز بۆ ئەو مێژوە پڕ دەسكەوت و درەوشاوەیە دادەنەوێنین".

له‌ په‌یامه‌كه‌ی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتوه‌، "خەونی هاوبەش و لەمێژینەی هەردو هاوڕێ و هاوخەبات سەرۆك مامجەلال و كاك نەوشیروان، دەستەبەركردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە و حوكمڕانییەكی تەندروست بو بۆ خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەرك و بەرپرسیارێتی ئێمەیە بەشوێنپێی ئەواندا لە هەوڵ و تێكۆشان بەردەوامبین بۆ بونیادنانی داهاتویەكی سەقامگیر و خزمەتكردنی هاوڵاتییان".