هەواڵی ئەمڕۆ

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی رونکردنەوە لەبارەی روداوی مردنی ئەو منداڵە دەدات کە سەگ پەلاماریدابو

02:31 - 19/05/2022

13538جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، سەردانی ماڵی(لیا) ئەو کچە تەمەن 10 ساڵانەیەیان کردوە بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە مردوە، دەشڵێت، ھەردو خێزانی روداوەکەیان لێبەسەر ھاتوە کارەساتبارن و لە دۆخێکی قورسدان، بۆ ھەر روداوێک چاوەڕێی کاری یاسایی و ئیداری بن کە دادوەر بڕیاری لەبارەوە دەدات.

بەشێوەیەکی گشتی ئەو گەڕەکەی ماڵی لیا باخیان ھەبو ئاژەڵی ماڵی زۆر تیادابو

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە،" دوابەدوای سەدانمان بۆ پرسەکەی ماڵی لیا کە رۆژی دوشەممە بەھۆی روداوێکی دڵتەزێنەوە گیانی لەدەستدا بەمەبەستی بەدواداچون سەردانی شوێنی روداوەکەمان کردو شایەتحاڵەکانمان دواند، بەشێوەیەکی گشتی ئەو گەڕەکەی ماڵی لیا باخیان ھەبو ئاژەڵی ماڵی زۆر تیادابو".

لیا پێشتر بە شوێنی ئەم سەگانەی زانیوە

رونیشیکردوەتەوە،" ئێمە چوینە شوێنی روداوەکە بینیمان کە سیاجێکی بەرزی توند تۆڵ کرابو بۆ شوێنی مانەوەی سەگەکان بەرزی سیاجەکە دومەتر زیاتر بو،
لیا پێشتر بە شوێنی ئەم سەگانەی زانیوە، چونکە ئەوان ھەموو لە گەڕەکێکن کە ئاژەڵی ماڵی راگیراوە لە مریشک و مەرو ماڵات و بەھەمان شێوە سەگی زینە وسەگی بچوک و گەورەی لێبو تەنانەت ماڵی لیاش ئاژەڵ و چەند سەگێکیان ھەبو لە حەوشەکەدا.

ئەمانە ھەموی لە کامێرای چاودێریەکەوە دەردەکەوێت

ئاشکراشیکردوە،" رۆژی یەک شەممە کە رۆژێک پێش ڕودانی ڕوداوەکەیە سەرلەبەیانیەکەی لیا دەچێت بۆلای سەگەکان و دەست دەبات بۆ ناو قەفەزەکە و دەیەوێت بەو سیاجەی کراوە بۆ سەگەکان سەرکەوێت قاچێکی دەباتە ئەودیوەوە بەس ناتوانێت بڕواتە ئەودیو سیاجەکە ئەگەڕێتەوەو دەچێتەوە ماڵی خۆیان ئەمانە ھەموی لە کامێرای چاودێریەکەوە دەردەکەوێت.

 ئەوەی ئێمە لە وێنەکاندا بینیمان قاچێکی و سک و قورگی ھەموی شوێنی ھێرشی سەگەکان 

جەختیلەوەشکردوەتەوە،" لیا جەستەی لە چەند لایەکەوە شێوابو ئەوەی ئێمە لە وێنەکاندا بینیمان قاچێکی و سک و قورگی ھەموی شوێنی ھێرشی سەگەکان بو بەجۆرێک وو کە بەراستی قورس بو سەیرکردنی وێنەو ڤیدیۆکان".

ھەردو خێزانی روداوەکەیان لێبەسەر ھاتوە کارەساتبارن و لە دۆخێکی قورسدان

بەوتەی بەڕێوەبەری چاودێری سلێمانی،" بۆ زانیاری زیاتر کامێرەی چاودێریەکان براوەتە بەردەم دادوەر بۆ بەدواداچون وسەرجەم وێنەو بەڵگەکان پارێزراوە، ھەردو خێزانی روداوەکەیان لێبەسەر ھاتوە کارەساتبارن و لە دۆخێکی قورسدان تکایە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی پێویستە خەمەکەیان قوڵتر نەکەین و بۆ ھەر روداوێک چاوەرێی کاری یاسای و ئیداری و بریارو دەرئەنجامی راست و دروستبن کە دادوەرو دادگا بریاری لەسەر دەدەن.