هەواڵی ئەمڕۆ

جەعفەر شێخ مستەفا: ماندوبونی نه‌وشیروان مسته‌فا لەژیانی سیاسیی و کارە رۆشنبیرییەکانی لە هزرماندا بە نەمری دەمێننەوە

01:43 - 19/05/2022

2841جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند،  نه‌وشیروان مسته‌فا نیوسەدەی لەتەمەنی پێشكەش بە خەباتی كوردایەتی كرد لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی بۆ گەلێكی ستەمدیدە، ده‌شڵێت، "خەبات و ماندوبونی لە ژیانی سیاسیی و کارە ڕۆشنبیرییەکانی هەمیشە لە هزرماندا بە نەمری دەمێنێتەوە".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بڵاویكرده‌وه‌، "ئەمڕۆ پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ماڵئاوایی یەکێک لە كەسایەتییە دیارەكانی نێو خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەكەمان، كە نیوسەدەی لەتەمەنی پێشكەش بە خەباتی كوردایەتی كرد لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی بۆ گەلێكی ستەمدیدە، ئەویش خوالێخۆشبو کاک نەوشیروان مستەفایە".

کاک نەوشیروان سەرکردەیەکی سیاسیی دوربین و وردبین بو
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "کاک نەوشیروان کەسایەتیێكی شۆرشگێڕ و  دڵسۆز و خاکی بو بۆ نیشتیمانەكەی، لە ھەمان کاتدا سەرکردەیەکی سیاسیی دوربین و وردبین بو، شارەزاییەكی تەواوی هەبو لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی و سیستەمی سیاسیی لە ناوچەکەدا، لەپاڵ ئەرکە سیاسییەکەیدا نوسەرێکی بەتوانا و جوان دیدەش بو لە نیشاندانی جوگرافیا و سروشتی جوانی كوردستان، نووسین و بەرھەمەکانی زادەی بیر و خەون و ئەندێشەکانی بون، هەروەها لە بواری مێژودا خەرمانێکی گەورەی کۆکردوه‌تەوە كە ئەمەش شانازییە بۆ گەلی کورد و کوردستان".
 نەوشیروان مستەفا، خەبات و ماندوبونی لە ژیانی سیاسیی و کارە ڕۆشنبیرییەکانی هەمیشە لە هزرماندا بە نەمری دەمێنێتەوە
له‌ په‌یامه‌كه‌ی شێخ جەعفەر شێخ مستەفادا هاتوه‌، "سڵاو بۆ گیانی پاکی کاک نەوشیروان، خەبات و ماندوبونی لە ژیانی سیاسیی و کارە ڕۆشنبیرییەکانی هەمیشە لە هزرماندا بە نەمری دەمێنێتەوە".