هەواڵی ئەمڕۆ

وەزیری تەندروستی هەرێم: بەشێکی زۆری کێشەی کەمی دەرمان پەیوەندی بە بەغداوە هەیە

12:41 - 19/05/2022

966جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزیری تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەشێکی زۆر لە کیشەی کەمی دەرمان پەیوەندی بە بەغداوە هەیە کە زۆرجار یان لەکاتی خۆیدا ناگات یان رێژەکە بە ئاستی پێویست نییە.

 پێشتر بودجەی کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکیەکان شەش ملیار بو، ئێستا بۆ حەوت ملیار بەرزکراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.سامان بەرزنجی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" پێشتر بودجەی کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکیەکان شەش ملیار بو، ئێستا بۆ حەوت ملیار بەرزکراوەتەوە، رۆتینمان لە کڕین و دابینکردنی دەرماندا نەهێشتوە و دەسەڵاتمان داوەتە بەڕێوەبەرە گشتیەکان بەو کارە هەڵبستن، ئێستا تا رادەیەک دەستکراوەتەوە بە پرۆسەی تەندەرین و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان کە لەماوەی رابردودا راوەستابون".

ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە دەرمان و پێداویستیەکانی تەندروستی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بنێرێت و ئەرکی ئێمەش پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە دروست دەبێت

رونیشیکردەوە،" ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە دەرمان و پێداویستیەکانی تەندروستی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بنێرێت و ئەرکی ئێمەش پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە دروست دەبێت، بەڵام پێشتر یان دەرمانەکان لەکاتی خۆیدا نەدەگەیشتن یان بڕەکەی وەک پێویست نەبو، هەڵبەت بە رێژەی جیاواز بەگوێرەی دەرمانەکان، بۆیە بەشێکی ئەو کێشەیەی کە دروست بو پەیوەندی بە بەغدادەوە هەبوە".

 ئەو کێشەیەی لەماوەی رابردودا لە سلێمانی دروست بو پەیوەندی بە وەزارەتمانەوە نەبوە

ئاشکراشیکرد،" ئەو کێشەیەی لەماوەی رابردودا لە سلێمانی دروست بو پەیوەندی بە وەزارەتمانەوە نەبوە، چونکە لای ئێمە چەکی پارەکە خەرجکراوە، کێشەکەی پەیوەندی بە بانکەکانەوە هەبوە کە سیولەی پێویستیان نەبوە".

هەوڵی بەردەوام دەدەین کە کێشەی کەمی دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان لە کەرتی تەندروستی کەمبکەینەوە

جەختیلەوەشکردەوە،" هەوڵی بەردەوام دەدەین کە کێشەی کەمی دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان لە کەرتی تەندروستی کەمبکەینەوە، ئەمەش ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".