هەواڵی ئەمڕۆ

شەڕی ماریۆپۆڵ لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لەسەربازەکانی خۆیان رادەست دەکەن

12:03 - 19/05/2022

6869جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شەڕی ماریۆپۆڵ، کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەردەوامی هەیە و بەرگری خەڵکی ناوچەکە بوەتە سیمبولی جیهانی بەرەنگاری و ئالنگاری نزیکدەبێتەوە لە کۆتایی و دەسەڵاتدارانی روسیاش دەڵێت 1730 شەڕکەری ناو ئازۆفستاڵ خۆیان رادەستکردوە.

 لە رۆژی دوشەممەی رابردوەوە تا ئەمڕۆ 1730 شەڕکەری ئۆکرانی ناو کارگەی ئازۆفستاڵ خۆیان رادەستی هێزەکانی سوپای روسیا کردوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویکردوەتەوە،" لە رۆژی دوشەممەی رابردوەوە تا ئەمڕۆ 1730 شەڕکەری ئۆکرانی ناو کارگەی ئازۆفستاڵ خۆیان رادەستی هێزەکانی سوپای روسیا کردوە، کە 771 کەسیان لە 24 کاتژمێری رابردودا بوە و لەو ژمارەیەش 80 کەسیان بە برینداری خۆیان رادەستکردوە".

لە کەناراوەکانی دەریای ئازۆف، بەرەو روی چارەنوسێکی نادیار بونەتەوە

رونیشیکردوەتەوە،" ژمارەیەک لەو کەسانەی کارگەکەیان جێهێشتوە، لەلایەن سوپای ئۆکرانییەوە فەرمانکراوە، وازیان لێبهێنن لە کەناراوەکانی دەریای ئازۆف، بەرەو روی چارەنوسێکی نادیار بونەتەوە".

روسیاش هەڕەشەی دادگاییکردنیان دەکات بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ

ئەمە لەکاتێکدایە ئۆکرانیا رایگەیاندبو،بە هیوایە لەچوارچێوەی رێکەوتنێک بۆ گۆڕینەوەی دیلەکانی نێوانیان ئەو سەربازانە بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی، روسیاش هەڕەشەی دادگاییکردنیان دەکات بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

بە زویی رێگە بە تیمەکانی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بدرێت بگەنە لای سەربازە ئۆکرانییەکان

لای خۆشییەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوایکردبو، بە زویی رێگە بە تیمەکانی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بدرێت بگەنە لای سەربازە ئۆکرانییەکان و هاوکاریان پێشکەش بکات بە تایبەت کە هەندێکیان بریندارن و هیچ چارەسەرییەکیان وەرنەگرتوە.

هەندێک ئامار بە دو هەزار کەس دەیانخەمڵێنن

تائێستا ژمارەی ئەو سەربازانە ئاشکرانەکراون کە لەناو کارگەی ئازۆفستاڵ لە شاری ماریۆپۆڵ بەرگری دەکەن ، بەڵام هەندێک ئامار بە دو هەزار کەس دەیانخەمڵێنن.

لە چەند هەفتەی رابردودا سەرجەم ژن و منداڵ و پیرەکانی ناو کارگەکە توانرا رزگاربکرێن و بۆ شوێنێکی ئارام بگوازرێنەوە.