خەندان-
وەزیری کارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت بۆ هاوینی ئەمساڵ چەند وێستگەیەکی کارەبا دەکەونە کار، جەختیشدەکاتەوە، دۆخی کارەبا گەر لە ساڵی رابردو باشتر نەبێت هەر وەک ئەو دەبێت.
لەئێستادا 3300 بۆ 3400 مێگاوات کارەبامان هەیە
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێم رایگەیاندوە،" لەئێستادا 3300 بۆ 3400 مێگاوات کارەبامان هەیە، پرۆژەیەکی کارۆئاویمان لە دێرەلوک هەیە کەلەسەر قەرزی ژاپۆنی دروستکراوە، توانای دابینکردنی 38 مێگاوات کارەبای هەیە، پێشبینی دەکەین لەناوەڕاستی مانگی شەش دەکەوێتە کار".
45 مێگاوات کارەبا لە وێستگەی تاسڵوجە بەرهەمدێت
رونیشیکردەوە،" 45 مێگاوات کارەبا لە وێستگەی تاسڵوجە بەرهەمدێت هاوکات سێ وێستگەی 29 مێگاواتی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەکەونە کار، لەمانگی نۆ وێستگەی بازیان 500 دەکەوێتە کار کە نزیکەی 500 مێگاوات کارەبا دەدات و ئەمەیان پشت بە سوتەمەنی دەبەستێت، بەڵام بۆ ئەمەیان ئەوەستێتەوە سەر ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان چەندی غازی سروشتی بۆ دابین دەکات.
دەتوانین بڵێین بۆ هاوینی ئەمساڵ گەر باشتر لە ساڵی پار نەتوانین کارەبا دابین بکەین، وەک ساڵی پار دەبێت
جەختیلەوەشکردەوە،" بە پشت بەستن بەو کارەبایەی کە هەمانە و خستومانەتە رو، دەتوانین بڵێین بۆ هاوینی ئەمساڵ گەر باشتر لە ساڵی پار نەتوانین کارەبا دابین بکەین، وەک ساڵی پار دەبێت".
ساڵانە و لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، بەهۆی زۆری خواست لەسەر کارەبا وکارپێکردنی ئامێرەکانی فێنککەرەوە، پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی کەمدەکاتەوە، ساڵی پار لەهەندێک ناوچە بۆ کەمتر لە نۆ کاتژمێر دابەزیبو.