هەواڵی ئەمڕۆ

نازم دەباغ: ئەگەر لە ئێرانەوە شاندێک چوبێتە لای پارتی و یەکێتی یەکێک لەو بابەتانەی باسکراوە هێزە کوردییەکانی ئەو وڵاتەن کە لە هەرێمن

10:18 - 19/05/2022

2474جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران رایدەگەیەنێت،  ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ یەک گرنگە، دەشڵێت،  ئەگەر لە ئێرانەوە شاندێک چوبێتە لای پارتی و یەکێتی یان بە پێچەوانەوە هەمیشە بابەتێک لەو بابەتانەی کە باسکراوە ئەو هێز و لایەنە کوردییە ئێرانیانەن کە لە کوردستانی عێراقدان. 

سروشت و پڕۆتۆکۆلی کاک مەسعود، لەوکاتەوەی بە درێژایی تەمەنی خۆم لە ئێرانم کاک مەسعود لەو کەسانە نیە بەشێوەی نهێنی هاتبێت بۆ ئێران

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە،" لە هەندێک میدیا باس لەوەکراوە، کە کاک مەسعود بە نهێنی هاتبێتە ئێران،  من ئەو هەواڵە بە ڕاست نازانم، چونکە، یەکەم سروشت و پڕۆتۆکۆلی کاک مەسعود، لەوکاتەوەی بە درێژایی تەمەنی خۆم لە ئێرانم کاک مەسعود لەو کەسانە نیە بەشێوەی نهێنی هاتبێت بۆ ئێران، چونکە هەمیشە یەکێک لە بابەتەکانی کە (کاک مەسعود) دەهات بۆ ئێران بۆ ئەوەبو کە (ڕەهبەر) ببینت، ئەمە دەکرێت یەکێکی تر بێت و هاتبێت، بەڵام (جەنابی کاک مەسعود) بەهیچ شێوەیەک نەبوە، من دەتوانم لە ناسینی خۆم بۆ ئەو پیاوە وەکو سەرکردەیەکی سیاسی و کاریزمای کورد ئەوە بڵێم بڕوا ناکەم بە نهێنی هاتبێت بۆ ئێران، لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی ئەو هاتبێت بە نهێنی بیانبینێت، پێم وایە ئەوانە خۆیان دەچنە هەولێر و چاوییان بە(جەنابی کاک مەسعود) دەکەوێت. 

 پەیوەندیەکانی هەرێم و ئێران زیاتر لە ڕێگای حیزبەکانەوەیە

رونیشیکردەوە،" پەیوەندیەکانی هەرێم و ئێران زیاتر لە ڕێگای حیزبەکانەوەیە، نەک لە ڕێگای حکومەتەوە، بە تایبەتی لە دوای ڕیفراندۆمەوە، چەندین جار شاندی ئێرانی چۆتە هەولێر و سلێمانی چاوی بە لایەنەکان کەوتوە، بەڵام پێم وانیە کەسێک گوێی لەوە بوبێت ئەو شاندانە چاوییان بە سەرۆکی حکومەت یا وەزیری ناوخۆ کەوتبێت بە ئاشکرا، بەڵکو ئەگەر ڕویدابێت لە چوارچێوەی ئەو پڕۆتۆکۆلەی کە پەیوەندییە حیزبیەکان هەیانە یەک لە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بینیوە، چ یەکێتی یا خود چ پارتی".

بەهۆی ئەو سیاسەتانەی لەو دواییانە لە عێراقدا پیادەکرا، جەنابی ئاغای قائانی چو سەردانی جەنابی کاک مەسعود بارزانی و یەکێتی و لایەنەکانی تری کرد

ئاشکراشیکردوە،" وەک دەزانرێت بەهۆی ئەو سیاسەتانەی لەو دواییانە لە عێراقدا پیادەکرا، جەنابی ئاغای قائانی چو سەردانی جەنابی کاک مەسعود بارزانی و یەکێتی و لایەنەکانی تری کرد ئەو پەیامەی گەیاند، کە نابێت کورد بەشێک بێت لەو پڕۆسەیەی کە نێوماڵی شیعە تێکدەدات و یا بەشێک بێت کە هەمیشە لەناو عێراق کێشە دەنێتەوە، بۆیە پێموایە هەمیشە بەرزی و نزمی هەبوە لە پەیوەندییەکان، بەڵام وەک کوردەواری خۆمان دەڵێن" نەگەیشتۆتە مریشکە ڕەشە"".

 من پێم وابێت کورد بەشێوازێکی پەرش و بڵاوی هەریەکە و لێکدانەوە و تێگەیشتی هەبوە بۆ پەیامەکانی ئێران

باسیلەوەشکردوە،"  من پێم وابێت کورد بەشێوازێکی پەرش و بڵاوی هەریەکە و لێکدانەوە و تێگەیشتی هەبوە بۆ پەیامەکانی ئێران لەمەسەلەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بە تایبەتی ئاگامان لێبو کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆرتر ڕەچاوی ئەو داواکارییانەی دەکرد بۆ پاراستنی یەکڕیزی نێو مااڵی شیعە یا نەچونە پاڵ هیچ لایەنێک، ئێستاش دوای کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بە سەرۆکایەتی( کاک مەسعود) وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد "هەوڵی بەردەوامی و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران دەدەن لەو ڕوەوە کەوتونەتە هەوڵ و کۆشش".

ئەگەر لە ئێرانەوە شاندێک چوبێتە لای پارتی و یەکێتی هەمیشە بابەتێک لەو بابەتانەی کە باسکراوە ئەو هێز و لایەنە کوردییە ئێرانیانەن کە لە کوردستانی عێراقدان

سەبارەت بە رێکەوتن یان گفتوگۆکانی هەردولا تایبەت بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان،" ئەگەر لە ئێرانەوە شاندێک چوبێتە لای پارتی و یەکێتی هەمیشە بابەتێک لەو بابەتانەی کە باسکراوە ئەو هێز و لایەنە کوردییە ئێرانیانەن کە لە کوردستانی عێراقدان".