هەواڵی ئەمڕۆ

کاتی هاتنی شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین لە هەرێم ئاشکراکرا

09:08 - 19/05/2022

14083جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێم دەگرێتەوە کە چڕییەکی زۆرتر و مەوادەیەکی فراوانتری لە شەپۆلی پێشتر دەبێت.

لە رۆژی یەکشەممەدا  کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە پێشبینی دەکرێت لەسەر ناوچەکانی وڵاتی سوریا قوڵترببێتەوە

ئاراز جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاندوە،" لە رۆژی شەممەوە ناوچەکانمان جارێکی دیکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی جەمسەری فێنک و لە ئەنجامدا پلەکانی گەرما بە رێژەی 5 تا 6 پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ و سبەی لەسەرجەم ناوچەکاندا نزمدەبێتەوە ، لە رۆژی یەکشەممەدا  کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە پێشبینی دەکرێت لەسەر ناوچەکانی وڵاتی سوریا قوڵترببێتەوە".

 خێرای با بە ڕادەیەکی بەرچاو چالاک دەبێت کە ئەمەش ئەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی تۆز و خۆڵێکی زۆر لەخاکە وشک و بیابانیەکانی ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای عێراقدا

رونیشیکردوەتەوە،" خێرای با بە ڕادەیەکی بەرچاو چالاک دەبێت کە ئەمەش ئەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی تۆز و خۆڵێکی زۆر لەخاکە وشک و بیابانیەکانی ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای عێراقدا وە لەکاتەکانی شەوی یەکشەمە لەسەر بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە ھەرێمی کوردستان بەرێژەیەکی مامناوەند دەگرێتەوە".

 لە دوانیوەرۆی رۆژی دوشەممەدا کاریگەریەکانی خۆڵبارینەکە زیاتر دەبێت

ئاشکراشیکردوە،" لە دوانیوەرۆی رۆژی دوشەممەدا کاریگەریەکانی خۆڵبارینەکە زیاتر دەبێت و سەرجەم ناوچەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستەیەکی چڕی خۆڵبارینەوە کە جیاواز لە شەپۆلی ڕابردو ئەمجارە چڕی خۆڵبارینەکە و مەودای فراوانی زیاتر دەبێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاندبو، لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە و ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت.