خه‌ندان-
مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه رایگه‌یاند، ئه‌و قه‌ره‌باڵغیه‌ی له‌به‌غدا هه‌یه قبوڵ ناكرێت و پێویسته به‌زوترینكات ده‌ست به پرۆژه‌ی هێڵی میترۆی به‌غدا و پرۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئاوی بكرێت.
له میانی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا بۆ باڵه‌خانه‌ی ئه‌مینداریه‌تی گشتی به‌غدا، مسته‌فا كازمی رایگه‌یاند، "به‌غدا پایته‌ختی ئاشتییه، یه‌كه‌م زانكۆش له به‌غدا بوه له كه‌ناری روباری دیجله كه زانكۆی موسته‌نسڕیه بو، به‌ڵام به‌غدا ئه‌مڕۆ توشی ئازارێكی گه‌وره و پشتگوێخستنێكی رون بوه، سه‌ره‌ڕای پشتیوانییه‌كانی حكومه‌ت بۆ پێشخستنی دۆخی پایته‌خت".
ئێمه دڵته‌نگ و به‌ئازار ده‌بین كاتێك دۆخی پایته‌خته‌كه‌مان به‌مشێوه‌یه ده‌بینین
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمه دڵته‌نگ و به‌ئازار ده‌بین كاتێك دۆخی پایته‌خته‌كه‌مان به‌مشێوه‌یه ده‌بینین، ئه‌م شكسته‌ش ساڵانێكه درێژ بوه‌ته‌وه و به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی هه‌مومان نیه، بۆیه ده‌بێت هه‌وڵێكی ناوازه له به‌غدا هه‌بێت بۆ دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی جێگیر، كه كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌مو لایه‌نه‌كانی ژیان هه‌بێت".
ده‌بێت كار بكه‌ین بۆ لابردنی ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی كه شایسته‌ی پایته‌ختێكی دێرینی وه‌ك به‌غدا نین
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی به‌غدای كرد و وتی، "ده‌بێت كار بكه‌ین بۆ لابردنی ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی كه شایسته‌ی پایته‌ختێكی دێرینی وه‌ك به‌غدا نین، دیارده‌ی قه‌ره‌باڵغی هاتوچۆش له به‌غدا قبوڵ ناكرێت، هه‌ندێك بازگه‌ی ئه‌منیش بونه‌ته هۆكارێكی دیكه بۆ زیاتربونی قهرهباڵغیهكان".
ه‌رمانمان كردوه بۆ پاراستنی ئه‌و شوێنه سه‌وزانه‌ی له به‌غدا ماون
مسته‌فا كازمی باسی له‌وه‌شكرد، "فه‌رمانمان كردوه بۆ پاراستنی ئه‌و شوێنه سه‌وزانه‌ی له به‌غدا ماون، جگه له‌وانه‌ش پرۆژه‌ی میترۆی به‌غدا یه‌كێكه له پڕۆژه گرنگه‌كان كه پایته‌خت پێویستی پێیه‌تی و ده‌بێت به زوترینكات دهستیپێبكرێت، هه‌روه‌ها پێویسته ده‌ست به‌كاركردن بكرێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئاوی به شێوه‌یه‌ك كه شایسته‌ی هاوڵاتیان بێت و وێستگه‌ی تایبه‌تی ئاویش دروستبكرێت".