عەلی حەمە ساڵح: کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی بارگرانییەکی زۆر بۆ خەڵک دروستدەکات

11:51 - 17/05/2022

1907جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێشتر حکومەتی هەرێم 98 کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی لەسەر بودجەی سلێمانی بۆ پارێزگاکە دابین کردبو، بەڵام ئەو کامێرانە نەزاندرا چییان لێکرا بۆیە لەئێستادا ئەو بابەتە دراوە بە کۆمپانیایەک کە ساڵانە 90 ملیار دیناری لە سزای سەرپێچی دەستدەکەوێت، ئەوەش بارگرانییەکی زۆر بۆ خەڵک دروستدەکات.

شەش ساڵە ئەم دۆسیەم داوە بە دادگا کەس دادگایی نەکرا!
عەلی حەمە ساڵح لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، "لە بودجەی پارێزگای سلێمانی (98 کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی) کڕدڕان و بەکارنەهێندران، نەشزاندرا چییان لێکرا، بۆیە شەش ساڵە ئەم دۆسیەم داوە بە دادگا کەس دادگایی نەکرا!".
ئەگەر هەر کامێرایەک بشکێت یان تێکبچێت، دەبێت بە داهاتی سلێمانی چاک بکرێتەوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەرئەنجام  لە ڕێگای کۆمپانیایەکەوە بەناوی ئیرلی فیوچەر  (225 کامێرا) بە سیستمی (پۆینت تو پۆینت) دادەنێن، لەبەرامبەردا کۆمپانیاکە 423 ئۆتۆمبیلی سفر کیلۆمەتری مۆدیل 2021 و 2022) بۆ حکومەت دەکڕێت و دواتر پارەکە لە خەڵک وەردەگرێتەوە، سەرەتا کۆمپانیا 70% کۆی ئەو ئەو پارانە دەبات وەک سزا وەریدەگرێت، تاوەکو کۆی پارەکەی دەستدەکەوێت. دواتریش تاوەکو ( 15ساڵ) ڕێژەی 20%ی داهاتی کامێرا دەبات، هەروەها ئەگەر هەر کامێرایەک بشکێت یان تێکبچێت، دەبێت بە داهاتی سلێمانی چاک بکرێتەوە."
قازانجی ساڵانەی زیاتر لە 90 ملیار دینارە
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "ئەگەر مانگانە بەتێکڕا هەر ئۆتۆمبیلێکی ئیدارەی سلێمانی یەکجار بدات لە کامێرا، قازانجی ساڵانە زیاتر لە 90 ملیار دینار. بۆیە سەد سکاڵای دیکەش تۆماربکرێت لەسەرم ، دەست لەم دۆسیەیە بەرنادەم، چونکە دەزانم  چ بارگرانییەک بۆ خەڵک دروستدەکات، ئەگەر خەمی ژیانی خەڵکیان با، ئەو 98 کامێرایە سەرنگوم نەدەبو".

نیشانەکردن

سلێمانی