جینین پلاسخارت لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد

10:30 - 17/05/2022

14100جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، لە نیویۆرک بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، کێشەی ناوخۆیی و نەبونی یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان زیانی هەبوە و دەبێت گۆڕەپانی سیاسی بۆ هەمو لایەنەکان کراوە بێت، هەروەها "دەبێت لە هەرێمی کوردستان دابەشبونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتایی پێبهێنرێت."

 حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە و تائێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە

جینین پلاسخارت لە وتارێکدا باسی رەوشی عێراقی کرد لە ماوەی حەوت مانگی رابردودا و ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای چەندین کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و دیاریکردنی چەندین وادە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام دوای حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تائێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە.

 ئەوەی لەئێستادا لە عێراق رودەدات دەبێتەهۆی بەردەوامی چەقبەستویی سیاسی

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لەئێستادا لە عێراق رودەدات دەبێتەهۆی بەردەوامی چەقبەستویی سیاسی، بۆیە پێویستە سیاسەتمەدارانی عێراق چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە و لەرێگەی پێکهێنانی حکومەتەوە، خزمەتگوزاری گونجاو بە هەمو هاوڵاتیانی عێراق بگات، هەروەها پێویستە کاربکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لەئێستادا رێگەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەرچون لە دۆخەکە و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان هەیە.

لە هەرێمی کوردستان دابەشبونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتایی پێبهێنرێت

پەیوەست بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش جینین پلاسخارت وتی، پێویستە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ هەمو لایەنەکان کراوە بێت، بەتایبەت کە کێشەی ناوخۆیی و نەبونی یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان زیانی هەبوە، بۆیە داوا دەکات لە هەرێمی کوردستان دابەشبونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتایی پێبهێنرێت.

 هیچ ئاماژەیەک نیە کە تۆمەتەکەی ئێران بۆسەر هەولێر راست بێت

پەیوەست بە هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێریش ئەوەی خستەڕو، "هیچ ئاماژەیەک نیە کە تۆمەتەکەی ئێران بۆسەر هەولێر راست بێت، هەروەها بەردەوامی هێرشی گروپە چەکدارییەکانیش بۆسەر هەولێر کارێکی ناڕەوایە".