یەکێتی و گۆڕان: هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بوەتە خواستێکی جەماوەری

09:41 - 17/05/2022

2174جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبونەوە و رایانگەیاند، چه‌قبه‌ستوی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشهاتێکی مەترسیدارەو  دەبێت هه‌رچی زوه‌ ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م لێك نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانه‌ لاببرێن، هەروەها لەم کاتەدا هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوەتە خواستێکی جەماوەری.

شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد
بەگوێرەی راگەیەنراوی فەرمی کۆبونەوەی یەکێتی و گۆڕان کە وێنەیەکی تایبەت بۆ خەندان نێردراوە باس لەوەکراوە، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ شاندێکی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی ڕزگار عه‌لی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌ ئاماده‌بونی ئه‌مین بابه‌شێخ و دكتۆر میران، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و حەمه‌ی حەمه‌ سەعید و سالار سه‌رحه‌د خه‌لیفه‌ یونس، ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی، سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان)یان كرد له‌ سلێمانی، و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتیمانییەوە پێشوازییان لێكرا.
باس لە ژیان و گوزه‌رانی دژواری هاوڵاتیانی كوردستان كرا
ئەوەش هاتوە، له‌و دیداره‌ ره‌وشی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ژیان و گوزه‌رانی دژواری هاوڵاتیانی كوردستان و موچه‌خۆران گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا. 
هه‌رچی زوه‌ ده‌بێت ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م لێك نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانه‌ لاببرێن
یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێن، "دۆخی چه‌قبه‌ستوی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان، پێشهاتێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ تێكدانی یه‌كڕیزی نیشتمانی و ته‌بایی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان و پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمیش ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رچی زوه‌ ده‌بێت ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م لێك نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانه‌ لاببرێن".
 هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆته‌ خواستێكی جه‌ماوه‌ری
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش لەراگەیەنراوەکەدا هاتوە، "پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌  بۆته‌ خواستێكی جه‌ماوه‌ری و گشتگیر له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ڵوێستی هاوبه‌شی نیشتیمانی بۆ گه‌ڵاڵه‌ بكرێت و ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزین."

نیشانەکردن

یەکێتی گۆڕان