کۆمپانیایەکی بڕازیلی لە پێنج بواری کشتوکاڵییدا وەبەرهێنان لەکوردستان دەکات

09:13 - 17/05/2022

2718جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیای دەلتای برازیلی کۆبوەوە، کۆمپانیای ناوبراو خوازیاری دامەزراندنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی رۆنی سۆیا، چاندنی سۆیا و دامەزراندنی کارگەیەکی دروستکردنی دەرمانی فێتێرنەری و پیشەسازی گۆشتە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵیش پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆژەکە راگەیاندوە.

کارگەیەکی بەرهەمهێنانی رۆنی سۆیا دروست دەکات
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ سێشەممە  پێشوازی کردوە لە تیمی کۆمپانیای دەلتای برازیلی، لەم دیدارەدا گتفوگۆیان کردوە دەربارەی هەماهەنگی و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان، بەتایبەتی کە کۆمپانیای ناوبراو خوازیاری دامەزراندنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی رۆنی سۆیا و چاندنی سۆیا و دامەزراندنی کارگەیەکی دروستکردنی دەرمانی فێتێرنەری و پیشەسازی گۆشتە لە هەرێم.
دەیەوێت ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی دیکەش ئەنجام بدات
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمپانیای دەلتای برازیلی دەیەوێت ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی دیکەش بە هەماهەنگی لەنێوان وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی برازیلی ئەنجام بدات.
هەمو هەوڵەکانی وەزارەتمان خستۆتەگەر بۆ ئاسانکاری و دەرفەتی وەبەرهێنان
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "بە خۆشحاڵیەوە هەمو هەوڵەکانی وەزارەتمان خستۆتەگەر بۆ ئاسانکاری و دەرفەتی وەبەرهێنان و پاڵپشتی جوتیارانمان لەرێگەی سود وەرگرتن لە ئەزمونی پێشکەوتوی وڵاتانی  بیانی".

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم