خەندان-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەرانی خاوەن دوکانەکانی تایبەت بە چاکردنەوەی ماتۆڕسکیل لە سنوری قەڵادزێ کۆبونەتەوە و ئاگادار کرانەوە کە گۆڕینی گزۆزی ماتۆڕ سیکیل قەدەغە کراوە، چونکە دەبێتەهۆی ژاوەژاو و بێزارکردنی هاوڵاتیان لە سنورەکە.
تیشک خرایه سەر نیگەرانیەکانی خەڵک لە بارەی ئەو ماتۆڕسکیلانەی بونەتە هۆی بێزارکردنیان
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی بنکەی پۆلیسی شارەوانی و بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی قەڵادزێ ئەو دوکاندارانەی کاری چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل دەکەن کۆبونەوەیان لەگەڵ کرا، لە کۆبونەوەکەدا تیشک خرایه سەر نیگەرانیەکانی خەڵک لە بارەی ئەو ماتۆڕسکیلانەی بونەتە هۆی بێزارکردن و دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پشوی خەڵک، دواتر داوا لەسەرجەمیان کرا پابەندی ژمارەیەک رێنمایی بن.
رێنماییەکانی پۆلیسی راپەڕین بۆ خاوەن دوکانەکانی تایبەت بە چاکردنەوەی ماتۆڕسکیل:
1- قەدەغەکردنی کردنەوەی دوکانەکانیان لە شەواندا و کارکردن بۆ ماتۆڕسکیل.
2- کڕین و فرۆشتن و بەستن به گزۆزی (دەنگدار) بە هەمو شێوەیەک قەدەغەیە، چونکە ئەو جۆرە گزۆزانە دەنگێکی زۆر دروست دەکەن و ئەوەش بۆتە هۆی تێکدانی ئارامی لە خەڵک.
3- مامەڵەکردن و بەستنی لایتی جۆری( زینۆن ) بە هەمو شێوەیەک قەدەغەیە، چونکە ئەم جۆرە لایتانە دەبنە هۆی دروستکردنی ناوچەی کوێر بۆ شۆفێری بەرامبەر و هاوڵاتیان.