چۆن کورتهێنانی موچە لە سلێمانی و هەڵەبجە چارەسەر کرا؛ خەندان نوێترین زانیاری بڵاودەکاتەوە

08:27 - 17/05/2022

9043جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی لە ماوەی دو مانگی رابردودا بەهۆی "نەبونی سیولە و کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ" موچەی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان روبەڕوی گرفت بوەوە، ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کەسی یەکەمی کارگێڕی ئەو شارانە بڕیاردرا کورتهێنانی موچە پڕبکرێتەوە و سەرجەم فەرمانبەران لەیەک کاتدا موچە وەربگرن.

 نەفی هەمو ئەو قسانەمان کردوە کە باس لەوە دەکەن داهاتی ئەم سنورە نادیارە
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بە خەندان-ی راگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیاردرا لیژنەیەکی هونەری لە هەردو وەزارەتی دارایی و ناوخۆ پێکبهێنرێت بەمەبەستی بەدواداچون بۆ پرسی داهات و خەرجییەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، ئامانجی لیژنەکەش بۆ ئەوەیە بزانرێت کە ئایا کەموکورتی هەیە لە کۆکردنەوەی داهات یاخود نا، "ئێمە قسە و داتا خۆمان خستوەتەڕو و نەفی هەمو ئەو قسانەمان کردوە کە باس لەوە دەکەن داهاتی ئەم سنورە نادیارە و دەستی حزبی تێدابێت".
بۆ مانگی چوار گرفتی دابەشکردنی موچە لەم سنورەدا دروست نابێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی لیژنەکە کاروباری خۆی ئەنجام دەدات، لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردرا موچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران لە گەرمیان تا زاخۆ بەیەک کات دابەشبکرێت، بەوپێیەش بۆ مانگی چوار گرفتی دابەشکردنی موچە لەم سنورەدا دروست نابێتەوە، "ئەرکی ئەو لیژنەیەش کە پێکهێنراوە بریتی دەبێت لە بەدواداچون لەسەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی داهات لەلایەن بانکەکان، رەقەمەکانیش دڵنیام کە موتابیقن، کە موتابیق بون ئەو کات حکومەت کە حکومەتی هەمو خەڵکی کوردستانە جیاوازی ناکات لەنێوان فەرمانبەرێکی زاخۆ و گەرمیان نابێت هەبێت، بەتایبەت لە پرسی موچەدا".
چەند مانگێک بو دابەشکردنی موچە لە سنوری پارێزگای سلێمانی روبەڕوی گرفت ببوەوە
ماوەی چەندین مانگە دابەشکردنی موچە بەهۆی کێشەی کۆکردنەوەی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی روبەڕوی گرفت دەبێتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی داراییش باسیان لەوە دەکرد پێویستە بەشێکی "تەمویلی موچە لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی خەرج بکرێت و ئەو داهاتەش ناگەڕێتەوە بۆ بانکەکان."
لەچوارچێوەی رێنماییەکانی حکومەت ئامادەی جێبەجێکردنی هەمو رێکارێکین
پەیوەست بە کۆبونەوەکەشیان لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەت هیوا قەرەنی وتی، "کۆبونەوەکە، کۆبونەوەیەکی باش بو و لێکتێگەیشتنی باش هەبو، قەناعەتێکی باشیش دروست بوە بەڵام بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواو هەبێت، ئەو رێکارە گیراوەتەبەر کە ئەوەش حاڵەتێکی ئاساییە و ئێمەش ئامادەی هەمو جۆرە هاوکارییەکین، لەکۆبونەوەکەشدا ئێمە ئامادەییمان دەربڕی کە ئێمە لەسەر پرسی داهات و خەرجییەکان لەچوارچێوەی رێنماییەکانی حکومەت ئامادەی جێبەجێکردنی هەمو رێکارێکین".
پێشتر بەهاتنی 200 ملیارەکە ئەو فشارە نەدەکەوتەسەر داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاری موچە
پەیوەست بەهۆکاری کورتهێنانی موچە لە دو مانگی رابردودا سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین ئەوەی خستەڕو، پێشتر بەهاتنی 200 ملیارەکە لە بەغدا ئەو فشارە نەدەکەوتەسەر داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاری موچە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەمساڵدا تەنها دوجار 200 ملیارەکە هاتوە  ئەوەش بەشێکی هۆکاری کورتهێنانی داهات بو بۆ دابەشنەکردنی موچە، بەشێکی دیکەش ئەوەیە داهاتی ناوخۆ ژمارەیەک داهاتی سنوردارن و بەئاسانی زیاد و کەم ناکرێن، بۆیە لە کۆبونەوەکەدا هەمو لایەنەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی ئەوەی لە میدیادا باس دەکرێت ئەوە نیە کە لە واقیعدا هەیە.
بڕیاردراوە هەمو 25ی مانگێک دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە بە وردی نازانێت کورتهێنانی موچە لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان لە دو مانگی رابردودا چەند بوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی مانگانە لەم ناوچەیەدا 30 ملیار دینار کورتهێنان هەبوە، "بۆیە لەکۆبونەوەکەدا لە پاڵ چارەسەری کورتهێنانی موچە، بڕیاری ئەوەش دراوە موچە رێک بکرێتەوە و حکومەتی هەرێم هەمو 25ی مانگێک دەست بە دابەشکردنی موچە بکاتەوە، هەروەها جەخت کرایەوە کە موچە پەیوەست نەبێت بە هیچ هۆکارێک و هەمو فەرمانبەرێکی کوردستان لەیەک کاتدا وەریبگرێت، ئەو داهاتەش کە دەمێنێتەوە بۆ چارەسەری کێشە خزمەتگوزارییەکانی وەک کێشەی دەرمان، زابڵ و خاشاک و پڕۆژە تەواونەکراوەکان خەرج بکرێت".

 سلێمانی بە 43٪ی داهاتی ناوخۆ و هەولێر و دهۆکیش بە 57٪ بەشدارن لە دابینکردنی موچە

بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگانە پێویستە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەی فەرمانبەران کە لە داهاتی نەوت و 200 ملیار دینارەکەی بەغدا و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە پێکدێت. هەروەها 43٪ی داهاتی ناوخۆ لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و 57٪ی دیکەیشی لە داهاتی دهۆک و هەولێر پڕبکرێتەوە.

هەرچەندە لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بڕیاردراوە بۆ مانگی نیسان کێشەی دواکەوتنی دابەشکردنی موچە چارەسەر بکرێت، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی کێشەی کورتهێنانی موچەو دوبارەنەبونی ئەو کێشەیە بۆ فەرمانبەران، پەیوەندیدارە بە کات و کاری ئەو لیژنەیەی پێکهێنراوە، بەجۆرێک لە مانگەکانی داهاتودا دەردەکەوێت کە ئایا کێشەی کورتهێنان و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی ئەو ناوچانە چارەسەر دەبن یان کێشەکان دوبارە سەرهەڵدەدەنەوە.