نێچیرڤان بارزانی: دەمانەوێت برەو بە پەیوەندییە ئابورییەکانی هەرێم و ئەمریکا بدەین

06:54 - 17/05/2022

2538جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان لەگەڵ ماتیو توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ عێراق کۆبوەوە و رایگەیاند، جەخت دەکاتەوە لەسەر برەودان بە بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش و هاندانی سەرمایەی ئەمریكی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هاندانی چالاكیی ئابوری لە كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له‌ بارزان بۆ ماڵئاوایی پێشوازی له‌ ماتیو توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ عێراق کرد که‌ ئه‌رکی له‌ عێراق کۆتایی دێت و ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی باڵیۆزی ئەمریكای لە عێراق دەکەن بۆ هه‌وڵ و یارمەتیدانی لە برەودان بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی تازەیدا بۆ خواست.

 هیوای خواست ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە بەردەوام بێت
لای خۆیەوە ماتیو تولەر سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و دامودەزگا و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستانی كردوە بۆ ئەو هاریكاری و هەماهەنگییەی لە ماوەی ئەركەكەیدا لە عێراق لەگەڵ خۆیان و باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەیانبوە و هیوای خواست ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە بەردەوام بێت.
جەختکرایەوە لە برەودان بە بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا باسی لەوەشکردوە، "هەردولا پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ ئەمریكا و برەودان بە بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش و هاندانی سەرمایەی ئەمریكی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هه‌رێمی کوردستان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستە سەر بارودۆخی عیراق و کێشه‌ و ته‌حه‌دییه‌کانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی و هه‌وڵه‌کانی تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌که‌."

ئەوەشی خستوەتەڕو، دۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمی كوردستان، بەردەوامیی هەڕەشەی داعش لە ناوچەكە و هاندانی چالاكیی ئابوری لە هەرێمی كوردستان، چەند تەورێكی دیكەی دیدارەكە بون.

نیشانەکردن

سەرۆکایەتی هەرێم